کریستیانەکان پەنا دەبەنە بەر دادگا و شەقام؛ بەرپرسانی پارتی تۆمەتبار دەکرێن بە داگیرکاریی
سەرەڕای پێکهێنانی چەندین لیژنەی باڵا و وەزاری، پڕۆسەی داگیرکردنی زەویی پێکهاتەی کریستیان لە سنووری پارێزگای دهۆک لە لایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە بەردەوامە و بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ ناکرێن.
مێژووی هەوڵە بێئەنجامەکان بۆ چارەسەر
یونادم یوسف کەنا، ئەندامی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند بەڵگەنامەیەکی نوێی لەبارەی داگیرکردنی زەویی کریستیانەکان لە دهۆک بڵاوکردەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی 2016 دواهەمین نامەی فەرمیی لەو بارەیەوە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی کردووە، دواتریش نێچیرڤان بارزانی ڕاسپاردەی بۆ چارەسەری کێشەکە دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچی لێ سەوز نەبووە و زێدەڕۆییەکان لە دەیان گوند بەردەوامن.
لیژنە باڵاکان و پۆلێنکردنی دۆسیەکان
لە ماوەی ڕابردوودا، فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری پێشووی دهۆک لیژنەیەکی باڵای پێکهێنا کە توانییان 4 دۆسیەی گەورە لەسەر زێدەڕۆییەکان ئامادە بکەن. ئەو لیژنەیە زێدەڕۆییەکانیان بەپێی ئاستی مەترسی بە "ئاسان، قورس و قورستر" پۆلێن کردبوو. بەڵام یونادم یوسف کەنا جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوانە هەر تەنیا لەسەر کاغەز مانەوە و هیچ کاتێک نەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە.
سستیی لیژنە وەزارییەکەی کابینەی نۆیەم
سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی ئێستا، نووسینگەی یونادم یوسف کەنا ڕایگەیاندووە کە لە کابینەی نۆیەمیشدا لیژنەیەکی وەزاری بۆ هەمان مەبەست پێکهێنراوە. بەڵام جێگەی داخە کە تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی کارەکانی ئەو لیژنەیە نەبینراون و هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان بۆ گەڕاندنەوەی مافی کریستیانەکان نەداوە، ئەمەش وایکردووە بێهیوایی لە ناو ئەو پێکهاتەیەدا دروست ببێت.
تۆمەتبارکردنی کەسە نزیکەکانی سەرۆکی پارتی
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای گردبوونەوەی ڕۆژی 6ـی ئەم مانگەی کریستیانەکان دێت لەبەردەم پارێزگای دهۆک. لەو گردبوونەوەیەدا نوێنەرایەتیی 50 گوندی داگیرکراوی ئاکرێ، ئامێدی، زاخۆ و دەشتی نەینەوا ئامادە بوون. هاونیشتمانییەکی کریستیان لە ناو ناڕەزایەتییەکەدا بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاند، گوندەکانیان لە لایەن "خاڵەکانی مەسعود بارزانی"ـیەوە داگیرکراون و سەرەڕای هەبوونی فەرمانی دادگا، کەس ناتوانێت زەوییەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا