شووتیی هەرێم بازاڕەکانی عێراقی تەنیوە؛ %60ی بەرهەمەکان ڕەوانەی ناوەڕاست و خواروو دەکرێن
لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی شووتیی ناوخۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، جووتیاران بڕێکی زۆر لە بەرهەمەکانیان ڕەوانەی شارەکانی عێراق دەکەن و هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیش قەدەغەکراوە.
پێشبینییەکانی بەرهەمی ئەمساڵ
لە ئێستادا بەرهەمی شووتی لە دەشتی شارەزوور، هەولێر و دهۆک پێگەیشتووە و خراوەتە بازاڕەکانەوە. بەپێی داتاکان، تەنیا لە پارێزگای هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور 3,825 دۆنم زەوی بە شووتی چێندراوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی بگاتە زیاتر لە 30,000 تۆن. هەروەها لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق 5,000 دۆنم زەوی چێندراوە و چاوەڕوان دەکرێت 30,000 تۆن بەرهەمی هەبێت.
هەناردەکردن بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق
سەروەر عەلی، گوتەبێژی عەلوەی سلێمانی ڕایگەیاند، ڕۆژانە 500 بۆ 600 تۆن بەرهەمی شووتی و کاڵەکی دەشتی شارەزوور و ئاکرێ دەهێنرێتە عەلوەی سلێمانی. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە 60%ـی کۆی ئەم بەرهەمە ڕەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، چونکە بڕی بەرهەمەکە لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە.
کوالێتی و پشکنینی بەرهەمەکان
گوتەبێژی عەلوەی سلێمانی جەختی کردەوە کە سەرجەم ئەو بەرهەمانەی دەگەنە عەلوە، پشکنینی وردیان بۆ دەکرێت تاوەکو لە کوالێتییەکەیان دڵنیا ببنەوە و پاشان دەخرێنە بازاڕەوە. ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و دڵنیابوونەوە لە پاکیی بەرهەمە ناوخۆییەکانە.
ئامارەکان و بەراوردکاریی ساڵانی ڕابردوو
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرهەمی شووتی لە ساڵی 2022 بڕی 307,000 تۆن بووە و لە ساڵانی 2023 و 2024 لە دەوروبەری 300,000 تۆن ماوەتەوە. ساڵی 2025 بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "ڕەقە" خراپترین ساڵ بووە بۆ جووتیاران، کە تێیدا تەنیا 54,884 تۆن بەرهەم هەبووە.
پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و قەدەغەی هاوردە
بەمەبەستی پشتگیریکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 12ـی ئایاری 2026ـەوە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی شووتی لە دەرەوەی وڵات جێبەجێ کردووە، تاوەکو تەنیا پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەسترێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا