گرفتی گەورەبوونی دڵ چییە؟

سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی ئەندامی دڵ
وێنەی ئەندامی دڵ

​ گەورەبوونی دڵ واتە دڵ لە قەبارەی ئاسایی گەورەتر بێت، ئەم حاڵەتە نەخۆشی نییە، بەڵکو نیشانەی بوونی گرفتێکی تەندروستیی دیکەیە کە دڵ ناچار دەکات بەراورد بە پێشوو بەهێزتر کار بکات.

گرنگترین هۆکارەکانی تووشبوون بە حاڵەتی گەورەبوونی دڵ چین؟

هۆکارەکانی تووشبوون بە حاڵەتی گەورەبوونی دڵ بریتین لە:

  1. بەرزبوونی فشاری خوێن: هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە گرفتی گەورەبوونی دڵ،  دڵ ناچار دەبێت بە هێزتر خوێن بنێرێت بۆ ئەندامەکانی دیکەی جەستە،  بۆیە ماسولکەی دڵ گەورە دەبێت
  2. نەخۆشییەکانی دەمەوانەی دڵ: ئەگەر دەمەوانەکانی دڵ باش دانەخرێن یان تەنک ببن، خوێن بە ئاسانی ناڕوات و دڵ زیادە کار دەکات
  3. لاوازیی ماسولکەی دڵ: دڵ فراوان دەبێت و هێزی ناردنی خوێنی بۆ ئەندامەکانی دیکەی جەستە کەم دەبێت
  4. نەخۆشیی بۆرییە خوێنەکانی ناو دڵ: دوای جەڵتەی دڵ یان کەمیی خوێنگەیشتن بە ماسولکەکانی دڵ، دڵ دەگۆڕێت و گەورە دەبێت
  5. کێشەی زگماکی دڵ: هەندێک کەس لەکاتی  لەدایکبوونەوە گرفتیان لە دڵیاندا هەیە کە دەبێتەهۆی گەورەبوونی دڵیان
  6. ناڕێکیی لێدانی دڵ: لێدانێکی زۆر خێرای دڵ دەبێتەهۆی گەورەبوونی دڵ
  7. نەخۆشییەکانی سییەکان: وەک بەرزەفشاری بۆری سییەکان  کە بەشی ڕاستی دڵ گەورەتر دەکات
  8. کەمیی خوێن:  دڵ ناچار دەبێت خێراتر کار بکات بۆ گەیاندنی ئۆکسجین بە ئەندامەکانی دیکەی جەستە
  9. نەخۆشیی ڕژێنی دەرەقی( پەریزاد)

هەندێک هۆکاری دیکەی  وەکو:

  1. قەڵەوی
  2. شەکرە
  3. خواردنەوەی کحول بە زۆری
  4. هەندێک ماددەی هۆشبەر

​نیشانەکانی تووشبوون بە گرفتی گەورەبوونی دڵ چین؟

باوترین نیشانەکانی تووشبوون بە گرفتی گەورەبوونی دڵ بریتین لە:

  1. هەناسەتووندی
  2. ماندووبوون
  3. خێرابوونی لێدانی دڵ
  4. ئاوسانی قاچ
  5. ئازاری سنگ

چۆن گرفتی گەورەبوونی دڵ دەستنیشان دەکرێت؟

لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەم پشکنینانەوە گرفتی گەورەبوونی دڵ دەستنیشان دەکرێت:

  1. ئیکۆی دڵ
  2. هێڵکاری دڵ

ئایا گرفتی گەورەبوونی دڵ مەترسیدارە؟

بەڵێ، ئەگەر گرفتی گەورەبوونی دڵ چارەسەر نەکرێت دەکرێت بێتەهۆی:

  1. پەککەوتنی دڵ
  2. جەڵتەی دڵ
  3. جەڵتەی مێشک
  4. مردنی کتوپڕ

د. ئەمانج ئەبوبەکر خەزنەدار

پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان

سەروەر سالار

2 کاتژمێر پێش ئێستا