توێژینەوەیەکی نوێ: کەمخەوی هۆکارێکی قەڵەوییە
لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی کاتژمێر و نیوێک کەمتر دەخەون لە پێشتر، کێشی جەستەیان زیاددەکات.
توێژەرانی زانکۆی کۆڵۆمبیا توێژینەوەیەکیان کرد کە تایبەت بوو بە کاریگەرییەکانی کەمخەوی لەسەر کێشی جەستە، واتە دەیانویست بزانن چی بەسەر کێشی جەستەدا دێت ئەگەر شەوانە بۆ ماوەی شەش هەفتە کاتژمێر و نیوێک کەمتر بخەوین؟.
لە توێژینەوەکەدا 95 کەسی تەمەن 20 ساڵ یان زیاتر بەشداربوون، پاشان بە دوو شێوازی جیاواز تاقیکردنەوەیان لەسەر کرا.
هەموو بەشداربووەکان لەو کاتەدا تەندروستبوون، بەڵام مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و زیندەچالاکییەکان زیاتربوو بەراورد بە کەسانی دیکە.
سەرەتا بۆ ماوەی شەش هەفتە داوا لە بەشداربووان کرا بۆ ماوەی 7 کاتژمێر یان زیاتر بخەون(واتە بە دڵی خۆیان بخەون)، لە قۆناغێکی دیکەدا داوایان لێکرا کاتژمێر و نیوێک کەمتر لە جاران بخەون(بۆ ماوەی شەش هەفتە).
هەر یەکێک لە بەشداربووان لە ڕێگەی ئامێرێکەوە کە بە مەچەکیانەوە بوو چاودێری دەکران، لە ماوەی توێژینەوەکەشدا بە بەردەوامی و چەند جارێک کێشی جەستەیان پێورا، کەمەریان پێورا و پشکنینی لەرینەوەی موگناتیزییان بۆ کرا.
پاشان پشکنینی خوێنیان بۆ کرا بۆ زانینی ئاستی هۆرمۆنەکانی برسیبوون و تێربوون، هاوکات چاودێریی چالاکییان کرا و ڕێژەی سووتاندنی وزەی ڕۆژانەشیان پێوانەدەکرا.
ئەنجامەکان بەم شێوازە بوون:
لەکاتی کەمکردنەوەی کاتژمێرێک و نیو لە خەوی شەوانەیان بۆ ماوەی شەش هەفتە ئەم گۆڕانکارییانە بینران:
- بەشداربووان 0.45 کیلۆگرام یان نیوکیلۆگرامیان زیادکرد
- پێوانەی کەمەریان نیو سانتیمەتر زیادی کرد
- ڕۆژانە بۆ ماوەی 17 خولەک زیاتر ناچالاک دەبوون و ناتەندروست بوون
- هۆرمۆنەکانی برسیبوون و تێربوون گۆڕانکارییان بەسەردا هات
- هۆرمۆنی ئینسۆلین بەباشی کاری نەدەکرد و ڕێژەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ زیادیکرد، ئەمانەش یارمەتیدەری خەزنکردنی چەورییەکی زیاترن
ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کەمخەوی تەنیا وات لێناکات هەست بە کەموزەیی بکەیت، بەڵکو کاریگەرییەکانی زۆر زیاتر و قوڵترن، تەنانەت دەبێتەهۆی قەڵەوبوونیش.
2 کاتژمێر پێش ئێستا