حکومەت پسوڵە نانێرێت و هەڕەشەی بڕینی کارەباش دەکات؛ کێشەی پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە
بەرپرسانی پڕۆژەی ڕووناکی ئاشکرایان کردووە کە بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە خوێندنەوەی پێوەرە زیرەکەکان، ماوەی سێ مانگە پسوڵەی کارەبا بۆ بەشێکی زۆر لە هاوبەشان نەگەڕاوەتەوە.
کێشەی تەکنیکی لە پڕۆژەی ڕووناکی
بۆ مانگی سێیەم لەسەر یەک، ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پسوڵەی خەرجییەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە. بەرپرسانی پڕۆژەی ڕووناکی و وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی کورتەنامەوە هاوبەشانیان ئاگادار کردووەتەوە کە کێشەیان لە خوێندنەوەی "پێوەرە زیرەکەکاندا" هەیە و لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە پێوەرەکان وەک "زیرەک" ناسێنراون، بەڵام سێ مانگە ناتوانن داتاکان بخوێننەوە.
بارگرانیی دارایی لەسەر خێزانەکان
نەگەڕانەوەی پسوڵە بۆ چەند مانگێک و کۆبوونەوەی پارەکان، مەترسیی دروستکردنی بارگرانییەکی گەورەی دارایی لەسەر هاونیشتمانییان دروست کردووە. زۆرینەی مووچەخۆران و خێزانە داهات سنووردارەکان کە ژیانیان لەسەر مووچەی مانگانە ڕێکخستووە، ئەستەمە بتوانن پارەی کارەبای 4 مانگ پێکەوە بدەن، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دابەشکردنی مووچە زیاتر لە 45 ڕۆژ دواکەوتووە.
زیادبوونی نرخی کارەبا و سیستەمی سزادان
پڕۆژەی ڕووناکی کە کارەبای 24 کاتژمێری دابین دەکات، نرخەکەی چەند بەرامبەر لە کارەبای نیشتمانیی ئاسایی زیاترە. هاوبەشان ناچاردەکرێن مانگانە پارەکە بدەن، بە پێچەوانەوە کارەباکەیان دەبڕدرێت. ئێستا کە کێشەکە لە لایەن حکومەتەوەیە و پسوڵە نەنێردراوە، هاونیشتمانییان نیگەرانن لەوەی دواتر بە یەکجار ناچار بکرێن بڕە پارەیەکی زۆر بدەن کە لە توانایاندا نییە.
گۆڕینی سیستەمی هەژمارکردن بۆ ڕۆژانە
کێشەیەکی دیکەی ئەم پڕۆژەیە گۆڕینی شێوازی هەژمارکردنی خەرجییەکانە لە مانگانەوە بۆ ڕۆژانە. لەم سیستەمەدا، ئەگەر هاوبەشێک لە ڕۆژێکدا کارەبای زۆر بەکاربهێنێت و لە ڕۆژێکی دیکەدا کەمی بکاتەوە، ڕۆژە کەمەکە قەرەبووی ڕۆژە زیادەکە ناکاتەوە. هەر ڕۆژێک کە بەکارهێنان لە ئاستی دیاریکراو تێپەڕی، وەک "کارەبای گرانبەها" پارەکەی بۆ هەژمار دەکرێت، ئەمەش تێچووی مانگانەی کارەبای بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا