توێژینەوەیەکی نوێ: شیری دایک مەترسیی تووشبوونی منداڵ بە پەشێویی فرەجوڵەیی و کەمسەرنجی کەمدەکاتەوە

گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی خانمێک لەکاتی شیرپێدانی سروشتی
وێنەی خانمێک لەکاتی شیرپێدانی سروشتی

لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن، کەمتر نیشانەکانی پەشێویی فرەجوڵەیی و کەمسەرنجییان لە تەمەنی سێ ساڵ، پێنج ساڵ و هەشت ساڵیدا تێدا دەردەکەوێت.

توێژەران دەڵێن شیری دایک چەندین بەهای خۆراکی و ماددەی تایبەتی تێدایە کە بۆ گەشەی مێشکی منداڵ گرنگ و پێویستن، ئەم پێکهاتانەش بریتینلە: ترشەچەورییەکان، ترشەئەمینییەکان، دژەتەنەکان و بەکتریا سوودبەخشەکان.

لە توێژینەوەکەدا، چاودێری 37,600 منداڵی نەرویجی کرا، دایکی منداڵەکان ماوەی شیرپێدانی خۆیان بە کۆرپەکانیان خستەڕوو و کاتی دەستکردن بە پێدانی خۆراکی ئاساییشیان بە توێژەران گوت.

ئەنجامەکان دەریانخست، ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخوارد چ کوڕ یان کچ، لە تەمەنی سێ ساڵی و پێنج ساڵیدا زۆر کەمتر نیشانەکانی فرەجوڵەیی و کەمسەرنجییان تێدا دەردەکەوتن، لە تەمەنی هەشت ساڵیشدا ئەم کاریگەرییە بینرا بەڵام لاوازتربوو.

لەگەڵ ئەوەی لە هەموو کاتێکدا شیری دایک بەسوودە، بەڵام زیاتر ئەو منداڵانە سوودیان لێدەبینی کە بۆ ماوەی شەش مانگی سەرەتای ژیانیان شیری دایکیان دەخوارد و هیچی تریان پێنەدەدرا.

بۆ وردیی ئەنجامەکان، توێژەران مێژووی خێزانیی منداڵەکانیان ڕەچاوکرد(تاوەکو چەند لە ڕووی بۆماوەییەوە ئەم منداڵانە ئەگەری هەبوونی ئەم نەخۆشییەیان هەیە)، ئەمەش بۆئەوەی بە ڕوونتر کاریگەرییەکانی شیری دایکیان بۆ دەربکەوێت.

گران جاف

2 کاتژمێر پێش ئێستا