سەرپەرشتیاری دەروازەی باشماخ: هاتوچۆ لە دەروازەی باشماخ ئاسایی بووەوە و کێشەی سیستمەکە چارەسەر کرا

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە دەورازەی نێودەوڵەتیی باشماخ
دیمەنێک لە دەورازەی نێودەوڵەتیی باشماخ

دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی 2 کاتژمێر بەهۆی دروستبوونی کێشە لە سیستمی دیوی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ئاسایی بووەوە.

دۆخی ئێستای دەروازەکە

سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەمموز، بۆ ماوەی 2 کاتژمێر هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ڕاگیرا، بەڵام لە ئێستادا هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە ئاساییە و هیچ گرفتێک نەماوە.

هۆکاری ڕاگرتنی هاتوچۆ

لیوا محەممەد تاهیر، سەرپەرشتیاری دەروازەکە ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری ڕاگرتنی هاتوچۆی گەشتیاری بۆ بوونی کێشە لە سیستم لە دیوی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕایەوە. دوای بەدواداچوونەکان، کێشە تەکنیکییەکان لە لایەن تیمەکانی وڵاتی ئێرانەوە چارەسەر کراون.

گرفتی دەروازەکانی دیکە

بەپێی زانیارییەکان، ئەم کێشەیەی سیستم تەنیا لە دەروازەی باشماخ نەبووە، بەڵکو لە سەرجەم دەروازەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان کێشە ڕوویداوە، لە ئێستاشدا لە تەواوی ئەو دەروازانە کێشەکە چارەسەر کراوە و هاتوچۆ دەستیپێکردووەتەوە.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا