ڕاپرسییەک لە تورکیا: 43.8%ـی خەڵک دەڵێن پرۆسەی ئاشتی کێشەی کورد چارەسەر ناکات
بەگوێرەی نوێترین ڕاپرسیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەنقەرە، زۆرینەی خەڵکی تورکیا و باکووری کوردستان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و ئیمامئۆغڵو وەک ڕکابەرێکی بەهێز لە پێش ئەردۆغانەوە دەبینرێت، هاوکات بێئومێدییەک بەرامبەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ڕێگەی پرۆسەی ئاشتییەوە هەیە.
هەڵوێست بەرامبەر پرۆسەی ئاشتی و کێشەی کورد
لە ڕاپرسییەکەدا کە لەلایەن ناوەندی ڕاوێژکاری و لێکۆڵینەوەی ئەنقەرەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە 43.8%ـی خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا پێیان وایە کێشەی کورد بە پرۆسەی ئاشتی چارەسەر نابێت. هەروەها لە هەر 5 بەشداربوویەک، کەسێکیان (واتە 20%ـی بەشداربووان) پێیان وایە لە تورکیا بابەتێک نییە بە ناوی کێشەی کوردەوە.
داواکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە
بەپێی ئەنجامەکان، 56.5%ـی خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، لە بەرامبەردا 34.1%ـی بەشداربووان دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن. لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکان، زۆربەی دەنگدەرانی جەهەپە و ئیی پارتی داوای هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام دەنگدەرانی ئاکپارتی و پارتی دەم دژایەتیی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.
ڕکابەریی ئەردۆغان و ئیمامئۆغڵو
لە پرسیارێکی ڕاپرسییەکەدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو وەک کاندیدی سەرۆکایەتی، 44.6%ـی بەشداربووان گوتوویانە دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن، لە کاتێکدا 35.8%ـی دەنگەکان بۆ ئەردۆغان بووە.
دۆخی ئابووری و بەڕێوەبردنی وڵات
بەشداربووانی ڕاپرسییەکە کێشەی ئابوورییان وەک گەورەترین گرفتی ئێستای تورکیا دەستنیشان کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، 83.4%ـی خەڵک لەو بڕوایەدان کە ئابووری وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی خراپ لە لایەن حکوومەتەوە بەڕێوەدەبرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا