کارکردن لە پڕۆژەی تراکی وەرزش و ڕاکردن لە پارکی ئازادی بەردەوامە

هەرێز جەمال 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەسەردانێکی مەیدانیدا بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بەیاوەری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی سلێمانی و تیمی سەرپەرشتیار و لایەنی جێبەجێکار، بەدواداچوونێکی مەیدانی بۆ پڕۆژەی دروستکردنی تراکی تایبەت بە وەرزش و ڕاکردن لە ناو پارکی ئازادی ئەنجامدا. بەپێی پلان، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە شێوەیەکی چڕ کارەکانی پڕۆژەکە بەرەو پێشتر هەنگاو دەنێت.
تراکی وەرزشەکە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دیزاین کراوە؛ درێژی 400 مەتر و پانایی 4 مەتر هەیە و بۆ 4 هێڵ دابەش کراوە، بۆ ئەوەی چەندین وەرزشوان لە یەک کاتدا بە ئاسانی و بەبێ ئاستەنگ وەرزش بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی پابەندە ئەم پڕۆژەیە بە باشترین کەرەستە و لە ماوەیەکی گونجاودا تەواو بکات، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بخرێتە خزمەتی هاوڵاتییانی خۆشەویستی شاری سلێمانی و هەموو وەرزش دۆستان.

ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕاسپاردە و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەشتی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت، بۆ دابینکردنی شوێنێکی مۆدێرن و گونجاو بۆ وەرزش و چالاکییە جەستەییەکان.

هەرێز جەمال

2 کاتژمێر پێش ئێستا