پارتی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکاتە مەرجی پێشوەختە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ
کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوایین هەڵوێستی حیزبەکەی لەبارەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێوە ئاشکرا کرد و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند "دەیانەوێت یەکەمجار پەرلەمان کارا بکرێتەوە"، هانی پەرلەمانتارانیشی دا بچنە پەرلەمان، بە گوتەی ئەو ئەگەر ئەوە نەکەن لای خەڵک و خوداش "گوناهبار" دەبن.
لێدوانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حیزبی سۆسیال دیموکرات
کەمال کەرکووکی لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەرکە و ئەوانەی بایکۆتی دەکەن لەبەردەم خودا و خەڵک گوناهبارن.
هۆشداریدان بە پەرلەمانتاران لەڕووی ئایینییەوە
کەمال کەرکووکی لەبارەی سوێندی یاسایی پەرلەمانتارانەوە ڕووی دەمی کردە پەرلەمانتاران و گوتی "لەناو هۆڵی پەرلەمان دەستیان لەسەر قورئانی پیرۆز داناوە و سوێندیان خواردووە، ئێستا کە ناچنە پەرلەمان لەڕووی ئایینیشەوە گوناهبارن"، داواشی لێکردن بچنە پەرلەمان و دەست بەکاربکەن، مەرجیش نییە دەنگ بە کابینەی نوێ بدەن، تەنانەت ئەگەر پارتیش پێکیهێنا بێت.
شێوازی ڕێکخستنی کارەکانی پەرلەمان و حکومەت
کەمال کەرکووکی لەبارەی دانوستانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕایگەیاند "پێویستە سەرەتا پەرلەمان کارا بکرێتەوە". بۆ ئەم قسەیەی کۆتایی خۆی نموونەیەکی هێنایەوە و گوتی "دەبێت ئەسپەکە لەپێش عارەبانەکەوە ئامادەبکرێت پاشان بڕوات، نەک ئەسپەکە لە پشتی عارەبانەکەوە بێت".
ناکۆکی لەسەر بەهای ژمارەی کورسییەکانی لایەنەکان
کەمال کەرکووکی لەبارەی دیاریکردنی پشکی لایەنەکان لە حکومەتدا بەپێویستی زانی بەگوێرەی ژمارەی دەنگ و کورسیی پشکی لایەنەکان لە حکومەتدا دیاری بکرێت، کە مافی زۆرینە دەداتە حیزبەکەی، بەڵام کاتێک ڕۆژنامەوانان بە زمانی ژمارەکان پرسیاریان لەبارەی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ لێکرد کە لە کورسییەکانی پارتی زیاترن، کەمال کەرکووکی ئامادەنەبوو دان بەو واقیعەدا بنێت و گوتی "کورسییەکانی پارتی زۆرترینن و لە دوای ئەویش یەکێتی و ئینجا نەوەی نوێ".
ئامانجی سەرەکی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان
کەمال کەرکووکی لەبارەی ئامانجی حیزبەکەی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دواجار ئامانجی حیزبەکەی درکاند و ڕایگەیاند "دەیانەوێت یەکەم کاری پەرلەمان دروستکردنی کۆمیسیۆنێکی هەڵبژاردن بێت، چونکە ئێستا لە بەغداد و هەولێر کۆمیسیۆن نەماوە و ناتوانرێت هەڵبژاردن بکرێتەوە".
1 کاتژمێر پێش ئێستا