ئێران و عوممان لەسەر دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هوورمز و بەردەوامیی گفتوگۆکان ڕێککەوتن
ئێران و عوممان لە مەسقەت کۆبوونەوە و لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ سیاسی، یاسایی و تەکنیکییەکان لەبارەی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز ڕێککەوتن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش جەخت دەکاتەوە کە ئیدارەدانی گەرووەکە دەبێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە ژێر چاودێریی هاوبەشی هەردوو وڵاتدا بێت.
کۆبوونەوەی تاران و مەسقەت لەبارەی گەرووی هوورمزەوە
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دەرەنجامی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت، بڕیارمان دا گفتوگۆ سیاسی و یاسایی و تەکنیکییەکانمان بەردەوام بن.
تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عوممان
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی عومماندا شاندی وڵاتەکەی لەبارەی بەڕێوەبردن، ئیدارەدان و دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز لەگەڵ عومانییەکاندا گفتوگۆیان کردووە.
کۆدەنگیی هەردوولا لەسەر لێکتێگەیشتنی هاوبەش
ئیسماعیل بەقائی لەبارەی بەردەوامیی کۆبوونەوەکانەوە دەڵێت، هەردوولا کۆک بوون لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆ تەکنیکی، یاسایی و سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەبارەی دابینکردنی ئاسایش و بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز.
سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عوممان
ڕۆژی شەممە 11ـی تەممووز عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری سەردانی مەسقەتی پایتەختی عوممانیان کرد، لەلایەن بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممانەوە پێشوازییان لێکرا.
ڕێککەوتنی دوو قۆڵی لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی پاراستنی ئارامیی ناوچەکەوە ڕاشیگەیاند، هەردوو لایەن ڕێککەوتن ئاسایش و ئارامی بۆ کەشتی و کەشتیوانان لە گەرووەکەدا دابین بکەن و چاودێری و ئیدارەدانی هەردوو وڵاتی کەنارئاوی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت و بە پشتبەستن بە خاڵی پێنجەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە کاری لەسەر بکرێت.
بەشداریکردنی قەتەر لە کۆبوونەوەکاندا
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووەکەوە گوتیشی، ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەدانی گەرووەکە دەبێت لە ژێر چاودێریی هەردوو وڵاتدا بێت، ئاماژەی بەوەش کرد لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا شاندێکی قەتەر بەشدارییان کردووە.
پێگەی جوگرافی و یاسایی گەرووی هوورمز
گەرووی هوورمز لە نێوان دوو وڵاتی کەناراویدایە؛ ئێران لە باکوور و عوممان لە باشوور، بەهۆی ئەوەی پانیی گەرووەکە لە تەسکترین شوێنیدا نزیکەی 21 میلی دەریاییە، ئاوە هەرێمییەکانی هەردوو وڵات کە بۆ هەر لایەک 12 میلە تێکەڵ دەبن، بەمەش ئێران تەنیا دەسەڵاتداری ڕەهای گەرووەکە نییە و عوممانیش بەشدارە، بەشێکی زۆری هێڵەکانی هاتوچۆی کەشتیوانیی گەورەش دەکەونە ناو ئاوەکانی عوممانەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا