کەسێکى دیکە لە شوێنى عەدنان جومەیلی دانرا

کیژان مەحمود 60 خولەک پێش ئێستا
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووى وەزارەتى نەوتی عێراق بۆ کاروبارى پاڵاوتن
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووى وەزارەتى نەوتی عێراق بۆ کاروبارى پاڵاوتن

پاش دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووى وەزارەتى نەوتی عێراق بۆ کاروبارى پاڵاوتن، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەتاڵبوونی پۆستەکەی، وەزیری نەوتی عێراق ڕاوێژکارێکی وەزارەتەکەی ڕاسپاردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری کۆمپانیاکانی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن.

ڕاوێژکارێکی وەزارەتی نەوت بۆ جێگەی جومەیلی ڕاسپێردرا

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی و نهێنى کە واژۆی باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراقی لەسەرە و لە ڕێکەوتنی 11ـی تەمموزی 2026 دەرچووە، فەرمانکراوە حامید یونس ساڵح، ڕاوێژکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، سەرباری ئەرکەکەى خۆی، سەرپەرشتی کاری کۆمپانیاکانی بواری نەوت بۆ پاڵاوتن لە ئەستۆ بگرێت.

عەدنان جومەیلی ساڵی ڕابردوو لە لایەن سوودانییەوە ڕاسپێردرابوو

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتى نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن یەک ساڵ لەمەوبەر و بەشێوەیەکی کتوپڕ لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقەوە، وەک بریکاری وەزارەتى نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن دامەزرێنرا.

ڕۆژی دەستگیرکردنی جومەیلی

ڕۆژی 30ـی ئایاری 2026، عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتى نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و پاڵاوگەی بێجی، بەتۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵیی دارایی و ئیداری لە پاڵاوگەی بێجی، لەلایەن هێزێکی تایبەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە ناوچەی ئیسحاقی پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکرا و لە لێکۆڵینەوەکاندا جومەیلی ناوی دەیان کەسی دیکەی درکاندووە.

بڕی پارە و سامانە دەستبەسەراگیراوەکانی جومەیلی

تاوەکو ئێستا بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کۆی گشتیی پارە و سامانە گەڕێنراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت کە لە سامان و پارەی جومەیلیدا دەستی بەسەرداگیراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 141 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار، زیاتر لە هەشت کیلۆگرام زێڕ و دەیان موڵک و چەندین خانوو و ئۆتۆمبێلی گرانبەها.

کیژان مەحمود

60 خولەک پێش ئێستا