شوانێک لە سیدەکان بە تەقەی سوپای پاسداران کوژرا

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کوشتنى شوانێکى کورد لە ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کاردانەوەى لێدەکەوێتەوە و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرکۆنەى کوشتنى دەکات و بەپێویستیشى دەزانێت، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند بکرێنەوە و کەسوکاری قوربانییەکە قەرەبوو بکرێنەوە.

لێدوانی برای شوانەکە بۆ کەناڵ8

دوای ئەوەی شوانێک لە سنوورى سیدەکان بە تەقەی هێزەکانى سوپای پاسداران کوژرا، برایەکی ئەو شوانە بە کەناڵ8ـ گوت، "کاتێک بەدواداچوونمان کردووە، بنکەیەکی سەربازیی سووپاى پاسداران لە سنوور گوتوویەتی براکەمان تەقەى لێکردوون بۆیە کوشتوویانە".

شوانەکە چەکی لا نەبووە

شوانە کوژراوەکە ناوى ڕێباز سلێمانە، ئەو برایەى کە قسەى بۆ کەناڵ8 کردووە دەڵێت، ڕێباز چەکى لانەبووە، وێڕای کوشتنى دەستگیراوە بەسەر 850 سەر مەڕوماڵات، بۆیە داوایان کردووە تەرمى براکەیان و ئاژەڵەکانیان بۆ بگەڕێننەوە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرکۆنەی کوشتنی شوانەکە دەکات

هاوکات، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرکۆنەى کوشتنى شوانەکە دەکات و دەڵێت: "بەداخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی شەهیدکردنی شوانێکی بێتاوانی کوردیان پێگەیشت لە ناوچە سنوورییەکانی کوێستانەکانی "کێلەشین"، کە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە و دوای شەهیدکردنی، تەرمەکەی و تەنانەت مەڕوماڵاتەکەشی بۆ ناو خاکی ئێران ڕاگوێزراون".

دەستدرێژی ئاشکرایە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تاوانکارییە دەکات و دەڵێت: ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی، پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی خاک و بەزاندنی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتە، هاوکات دژایەتییەکی تەواوی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤە کە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان لە پێشینەی کارەکانیان دادەنێن.

داواکردنی لێکۆڵینەوەی ورد و شەفاف

داواش دەکات، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی ورد و شەفاف و نێودەوڵەتی لەو تاوانە بکرێت، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند بکرێنەوە و کەسوکاری قوربانییەکە قەرەبوو بکرێنەوە.

جەختلەوەشدەکاتەوە، وەک ئەرکێکی مرۆیی و یاسایی، لە نزیکەوە و بە وردی چاودێریی پەرەسەندنەکانی ئەو دۆسیەیە دەکەن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ دەبن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییە قبووڵنەکراوانە.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا