یەکەم دانيشتنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر بەڕێوەدەچێت

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا
یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا

ئەمڕۆ يەکەم دانيشتنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر بەڕێوەدەچێت و ئەرکی داڕشتنی دەستووری نوێی ئەو وڵاتە و دانانی بناغەی دیموکراسی پێسپێردراوە.

دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی 206 پەرلەمانتار دەستپێکرد

دانيشتنەکە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 206 پەرلەمانتار دەستیپێکردووە، نوێنەران سوێندی یاساییان خوارد و بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان) هەڵبژێرن.

پێشکەشکردنی وتارێک لە لایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریاوە

لە دەستپێکی دانيشتنەکەدا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووريا بۆ قۆناغی ڕاگوزرە وتارێکی پێشکەشکرد و داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کرد، بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن و لێهاتووبن، هەروەها بەشداری بکەن لە دامەزراندنی کولتووری گفتوگۆ و سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکان".

گرنگی یەکتر قبوڵکردن

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خۆیدا دەنووسێتەوە، هیچ ڕێگایەک لە ڕاوێژ و کۆدەنگی باشتر نییە، گوتيشی "یەکتر قبوڵکردن زۆر گرنگە بۆ زاڵبوون بەسەر دووبەرەکی و چارەسەرکردنی ناکۆکييەکان و گەیشتن بە حوکمێکی دروست".

ئەرکەکانی ئەنجوومەنی گەل

بڕیارە ئەنجوومەنی گەل چەند ئەرکێک لە ئەستۆ بگرێت، دیارترینیان پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ داڕشتنی دەستوور و پەسەندکردنی بودجە و پێشنیازکردن و هەموارکردنەوەی یاساکان.

ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا

ئەنجوومەنی گەلی سووريا لە 210 ئەندام پێکهاتووە، بەگوێرەی دەستووری قۆناغی ڕاگوزەری سووريا 70 ئەندام لەلايەن سەرۆککۆمارەوە ڕادەسپێردرێن، ئەندامەکانی ديکە کە دەکاتە دوو لەسەر سێ لەڕێگەی هەڵبژاردنی گشتييەوە هەڵدەبژێردرێن و ساڵی ڕابردوو ئەو پڕۆسەيە لە سووريا بەڕێوەچوو.

ژمارەی نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنەکە

لەکۆی ئەندامەکانی ئەنجوومەنەکە 11 ئەنداميان نوێنەری کوردن، ساڵی ڕابردوو نۆ کەسيان هەڵبژێردراون و دوو ئەندامەکەی ديکە لەناو ئەو 70 ئەندامەدان کە ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووريا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ڕايسپاردوون.

ژمارەی ئەندامانی ژن لە ئەنجوومەنەکە

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا تەنيا شەش ژن هەڵبژێردرابوون، بەڵام لەناو ئەو ئەندامانەی ئەحمەد شەرع دياريکردوون 15 ژن هەڵبژێردراون ئەوەش ژمارەکەی بۆ 21 ژن بەرزکردووەتەوە..

بەڵام، بەهۆی گرژييەکانی ئەمدواييەی پارێزگای سوەيداوە، تاوەکو ئێستا نوێنەری دروزەکان بۆ ئەنجوومەنی گەلی سووريا هەڵنەبژێردراوە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا