میدیاى ئێران ناوی ئەو سەرکردانەی بڵاوکردەوە تاران دەيەوێت تۆڵەی کوشتنی خامنەييان لێبکاتەوە
ڕۆژنامەی هەمشەهری سەر بە حکومەتی ئێران، ليستی ناوی ئەو سەرکردانەی بڵاوکردووەتەوە کە تاران دەيەوێت تۆڵەی کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی وڵاتەکەيان بکەنەوە، ناوی ترەمپ، نەتانياهوو و بەشێک لە سەرکردەکانی ئەورووپاش لە ليستەکەدان.
بڵاوکردنەوەی ناوی 13 سەرکردەی بیانی
ڕۆژنامەی هەمشەهری کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە بڵاودەکرێتەوە، گرافیکێکی بڵاوکردووەتەوە کە وێنەی 13 سەرکردەی بیانی تێدايە و جلوبەرگی ڕەنگ پرتەقاڵی زيندانيان لەبەردايە.
دیاترین ئەو سەرکردانەی ناویان هاتووە
لە ناو ليستەکەدا ناوی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بنیامین نەتانياهوو سەرۆکوەزیرانی ئيسرائيل، کييەر ستارمەر سەرۆکوەزيرانی بەريتانيا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، جۆرجیا ميلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و فریدریش مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هاتووە.
هەروەها، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پیت هێگسێت وەزیری جەنگ، براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم، مايک هاکابی باڵيۆزی ئەمريکا لە ئيسرائيل.
ناوی بەرپرسانی ئیسرائیل
لەناو بەرپرسانی ئيسرائيليشدا جگە لە نەتانياهوو، ناوی يسرائيل کاتز وەزيری بەرگری، گيدۆن ساعر وەزيری دەرەوە و ئيال زەمير سەرۆک ئەرکانی ئيسرائيل هەن.
کوشتنی ئەو سەرکردانە لە تۆڵەی کوشتنی خامنەیی
بەگوێرەى میدیا ئێرانییەکە، سوپاى پاسدارانى ئێران دەیەوێت لە تۆڵەى کوشتنى عەلى خامنەیی و بەرپرسانى دیکەى وڵاتەکەى، سەرۆک و سەرکردەى ئەو وڵاتانە بەئامانج بگرێت و بیانکوژێت.
عەلی خامنەیی لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ لە هێرشێکی ئەمريکا و ئيسرائيلدا بۆسەر تارانی پايتەخت کوژرا، لە نوێترين پەيامیشدا موجتەبا خامنەیی کوڕی خامنەیی و ڕابەری نوێی ئێران ڕايگەياند، تۆڵەی کوژرانی باوکی دەکەنەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا