ئاسایشى نیشتمانیی عێراق: لە یەک مانگدا دەستمان بەسەر 137 بار خۆراکى قەدەغەکراودا گرت

شۆڕش محەمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی  دەزگای ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق
لۆگۆی دەزگای ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق

دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا کە ئەرکى پاراستنى دەروازە سنوورییەکان و بازگەکانیان پێ ڕاسپێردراوە، دەستیان گرتووە بەسەر 137 بار خۆراکى قەدەغەکراودا.

برەودان بە ئاسایشی دەروازەکان

ئەرشەد حاکم، گوتەبێژى ئاسایشى نیشتمانى لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە،، بەپشتبەستن بە بڕیارى سەرۆکوەزیران لە ڕۆژى 18ـى حوزەیرانى 2026، ئاسایشى نیشتمانى ڕاسپێردرا بۆ سەرپەرشتیکردنى دەروازە سنوورییەکان و بازگەکان، دەستبەجێ پلانێکیان داڕشت و برەویان بە فەرمانگەکانى ئاسایشى دەروازەکان و فەرمانگەى ئاسایشى بازگەکاندا.

ئاشکراکردنی شێوازە نوێینەکانی بە قاچاغبردن

گوتەبێژى ئاسایشى نیشتمانى ئاماژەى بەوەش کرد، ئەرکى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى ئاشکراکردنى شێوازە نوێیەکانى بەقاچاغبردنە کە قاچاغچییەکان پەناى بۆ دەبەن لەگەڵ دۆزینەوەى ئەو کەلێنانەى کە بوونیان هەیە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

دەستگیرکردنی ژمارەیەک قاچاغچی

ڕوونیشیکردەوە، لەو ڕۆژەوەى کە دەزگاکە بەو ئەرکە ڕاسپێردراوە تاوەکو ئەمڕۆ کە نزیکەى یەک مانگە،ژمارەیەک لە کەسى تێوەگلاو لە پڕۆسەکانى بەقاچاغبردن دەستگیرکراون.

گوتەبێژى ئاسایشى نیشتمانى جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، لە ماوەى یەک مانگدا دەستبەسەر 137 بارهەڵگر گیراوە کە خۆراکى قەدەغەکراویان پێ بووە لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنى 20 بارهەڵگرى دیکەى سەرپێچى لە دەروازە سنوورییەکان و، شکستپێهێنان بە هەوڵی بەقاچاغبردنى 12 بارهەڵگرى دیکە.

ئاشکراکردنی ساختەکردنی نوسراوە فەرمییەکان

ئاماژە بەوەش دەکات، چەند سەرپێچییەکى دیکەشیان لە بابەتى هەوڵدان بۆ دەستکارییکردنى نووسراوە فەرمییەکان و ساختەکردنیان و بوونى جیاوازیى لەبارەى زانیاریى شۆفێرەکان و ژمارەى تابلۆى بارهەڵگرەکان و هەروەها هەوڵدان بۆ خۆدزینەوە لە پێدانى باج و ڕسومات، ئاشکرا کردووە. 

گوتەبێژى ئاسایشى نیشتمانى ڕوونیشیکردەوە، سەرجەمى ئەو سەرپێچییانە بە سەرپەرشتى دادگا بۆ نزیکترین بنکەى گومرگى و بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندیدار دەگوێزرێنەوە بۆ ئەوەى ڕێکاریى یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

شۆڕش محەمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا