ناوەرۆکی وتارەکەی عەلى زەیدى لە ڕۆژنامەى واشنتن پۆست

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، کۆتاییهاتنى ئەرکى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى لە 30ـى ئەیلولى داهاتوو، سەرەتاى قۆناغێکى نوێیە لە هاوبەشى لەگەڵ واشنتن، دووپاتیشی دەکاتەوە، لە سەردانەکەى بۆ واشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، جەخت لە وەبەرهێنان و ڕاکێشانى کۆمپانیاکانى ئەمریکا بۆ پەرەپێدانى کەرتەکان لە عێراق دەکەنەوە.

ڕوونکردنەوەی دیدگای خۆی بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق

عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەر لە سەردانەکەى بۆ واشنتن وتارێکى لە ڕۆژنامەى واشنتن پۆست بڵاوکردووەتەوە و دیدگاى خۆى لەبارەى داهاتووى پەیوەندییەکانى بەغداد و واشنتن و بەهێزکردنى سەروەریی عێراق ڕوونکردووەتەوە.

بەرەوپێشچوون لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا

زەیدى لە وتارەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، حکومەتەکەى لە پرسى کۆکردنەوەى چەکى ژمارەیەکى زۆر لە گرووپە چەکدارەکان لە دەستى دەوڵەت بەرەو پێشەوە چووە و کاریان کردووە بۆ بەهێزکردنى سەروەریی یاسا و کارى لە پێشینەیان بونیادنانى دەوڵەتێکە هەموو عێراقییەکان شانازى پێوەبکەن.

کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرەتای قۆناغێکی نوێ

باسى لەوەشکردووە، کۆتاییهاتنى ئەرکى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى لە 30ـى ئەیلولى داهاتوو، سەرەتاى قۆناغێکى نوێیە لە هاوبەشى لەگەڵ واشنتن، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن لە ئیدارەدانى قەیرانەکانەوە بگوازنەوە بۆ ڕەخساندنى دەرفەت.

لەبارەی سەردانەکەیەوە بۆ واشنتن

لەبارەى سەردانەکەشى بۆ واشنتن ئاماژەى بەوەکردووە، لە گفتوگۆکانى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، جەخت لە وەبەرهێنان و ڕاکێشانى کۆمپانیاکانى ئەمریکا بۆ پەرەپێدانى کەرتەکان لە عێراق دەکەنەوە و تاوتوێى پەرەپێدانى ڕێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجى و فراوانکردنى هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.

ئەمریکا وەک هاوبەشێکی بنەڕەتی

زەیدی جەختیشیکردووەتەوە، ئەمریکا هاوبەشێکى بنەڕەتییە لە بەهێزکردنى ئاشتى و هەماهەنگى نێوان عێراق و دراوسێکانى، پەیامى متمانە بە عێراق وەک دەوڵەتێکى خاوەن سەروەرى کە هەوڵ بۆ گەشەپێدان دەدات دەگەیەننە واشنتن.

بەردەوامبوون لە چاکسازییەکان و بەهێزکردنی متمانەی دەوڵەت

سەرۆکوەزیران لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا لە واشنتن پۆست ڕایگەیاندووە، عێراق بەردەوام دەبێت لە چاکسازییەکان بۆ بەهێزکردنى متمانەى دەوڵەت و ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبارەى وەبەرهێنان. وەک زەیدى گوتوویەتى، عێراق بنەماى بوونى بە سەنتەرێکى ئابووریی پێشەنگ لە ناوچەکەدا هەیە.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا