ئەکسیۆس: ئەمریکا هێرشی کردەسەر چەند ئامانجێک لە نزیک گەرووی هوورمز

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێکی گەرووی هورمز لە ئاسمانەوە
دیمەنێکی گەرووی هورمز لە ئاسمانەوە

ئاژانسی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا هێرشی نوێی کردووەتە سەر دوو ناوچە لە گەرووی هوورمز و لای خۆیەوە، میدیای فەرمی ئێرانیش ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکانی نزیک گەرووی هوورمز کوژرا و و برینداری لێکەوتووەتەوە.

کردنە ئامانجی سیستمی بەرگری مووشەکی و بەرگری ئاسمانی

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، ئەمریکا سیستمی مووشەکی و بەرگریی ئاسمانی و بەلەمی جەنگی سووپای پاسدارانی لە دوو شوێن لە گەرووی هوورمز کردووەتە ئامانج.

ئامانج لە هێرشەکان لاوازکردنی توانای ئێرانە

هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە، ئامانجی هێرشەکان لاوازکردنی توانای ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هوورمز.

کوژرانی لێپرسراوێکی تەکنیکی ئێران

بە گوێرەی ئاژانسی فارس نیوزی سەر بە ئێران، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی فارور لە بەندەری لەنگە، سەر بە پارێزگای هوورمزگان، سەرۆکی بەشی چاککردنەوەی کۆمپانیای تەلەفۆنی هوورمزگان کوژراوە و دوو لە هاوکارەکانیشی بریندار بوون.

تەقینەوە لە دوورگەی قشم و بەندەر عەباس

هاوکات ئاژانسەکە بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە دوورگەی قیشم و بەندەری عەباس بیسراون.

پارێزگاری قشم، بە فارس نیوزی ڕاگەیاندووە، لانیکەم 10 بۆ 11 مووشەک لە ئەمڕۆدا ئاڕاستەی دوورگەکە کراوە و ئامانجەکانیان سەربازی بووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

بۆردومانەکانی ئەمڕۆی سوپای پاسداران

لە چوارچێوەی نوێبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەر ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران، وڵاتانی کەنداو کە پێکهاتبوون لە ئوردن، کوەیت، ئیمارات، بەحرەین و قەتەری بە درۆن و مووشەک کردەئامانج، دوای ئەوەی فەرماندەی هێزە ناوەندەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو شەپۆلی سێهەمی هێرشەکانییان دژ بە ئێران ئەنجامداوە و 140 ئامانجی سەربازییان لە ڕێگەی موشەکی زەمینی و دەریایی پێکاوە.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا