هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و نێچیرڤان بارزانیش بەشداری دەکات
ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ناوخۆی و پەرەسەندەکان و سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەرەو بەغداد بەڕێکەوتووە.
تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی عێراق و پێشهاتەکان
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا تەوەرێکی تری گفتوگۆکان دەبێت
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرنامەی سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان دەبێت.
ئارام یوسف
2 کاتژمێر پێش ئێستا