کەناڵ8 وردەکاری کوژرانی کچێکی تەمەن سێ ساڵان لە کەرکوک ئاشکرا دەکات

ژوان نیزام 1 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی ئەو منداڵە سێ ساڵانەی کە لە کەرکوک کوژرا
وێنەی ئەو منداڵە سێ ساڵانەی کە لە کەرکوک کوژرا

کچێکی تەمەن سێ ساڵان لە کەرکووک کوژرا، دوو کوڕی نەوجەوانیش بەتۆمەتی کوشتنی ئەو منداڵە دەستگیرکراون، کە تەمەنیان 10 ساڵان و 11 ساڵانن، لەناو باڵەخانەیەکی کۆندا پاش ئەوەی خستوویانەتە نێو ئاوێکەوە، کچەکە خنکاوە.

ڕووداوەکە لە زاری پۆلیسەوە بۆ کەناڵ8

عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک وردەکاریی ڕووداوەکەی بۆ کەناڵ8 ڕوونکردەوە و دەڵێت، ماڵی کچە کوژراوەکە لەگەڵ ماڵی ئەو دوو کوڕەی بەتۆمەتی کوشتنی دەستگیرکراون، پێکەوە لە گەڕەکی یەکی حوزەیرانی کەرکووک دراوسێن، کچەکە هاوڕێی دوو نەوجەوانەکە بووە کە تەمەنیان 10 ساڵان و 11 ساڵانە، ڕۆژی ڕووداوەکە لە ماڵیان بووە، پاشان لە ماڵ هاتوونەتە دەرەوە، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی کچەکە بۆ ماڵی خۆیان.

"خستوویانەتە ناو ئاوەوە و خنکاوە"

عامر شوانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە کامێرای چاودێرییەوە دەرکەتووە، دوو نەوجەوانەکە کچەکەیان بردووەتە باڵەخانەیەکی چۆڵ کە پێیدەڵێن سەنتەری گەنجان، کچەکە دەستی کردووە بە گریان و دوو نەوجەوانە کوڕەکەش ترساون، ئاوێک لەناو باڵەخانەکەدا هەبووە، هەڵیانداوەتە ناو ئاوەکە و خنکاوە.

پۆلیسی کەرکوک لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەکە دەکات

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکوک ڕوونیشیکردەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە دەستدرێژی کراوەتە سەر کچەکە، هێشتا یەکلا نەبووەتەوە و لە ئێستادا پزیشکی دادی کەرکوک دەستی بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کردووە و دواتر هەر زانیارییەکی دیکە لەم بارەیەوە هەبوو، بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.

ژوان نیزام

1 کاتژمێر پێش ئێستا