بەشێک لە وردەکاریی یاسا چاوەڕوانکراوەکەی پڕۆسەی ئاشتی بڵاوکرایەوە
بەگوێرەی میدیای تورکیا، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە بەلای تورکیاوە "تاوانبارن"، بگەڕێنەوە تورکیا ناتوانن کاری سیاسیی بکەن، ئۆجەلانیش لە دەرەوەی یاساکە دەبێت.
یاساکە پێش پشووی پەرلەمان دەردەچێت
کەناڵی ئێن تیڤی تورکی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی بڵاویکردووەتەوە، یاسای پڕۆسەی ئاشتی، پێش پشووی پەرلەمان دەردەچێت، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە دەکەوێتە پاش ئەوەی میت و دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیا دڵنیادەبنەوە لەوەی، پەکەکە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و چەکی داناوە. پاش ئەوەش ئەردۆغان لەبارەی یاساکەوە بڕیارێکی تایبەت دەردەکات.
ئەوانەی لە تاوانەوە تێوەگلاون لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت
دۆسیەی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە تاوان، لەلایەن دادگاکانەوە یەک بە یەک لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت. ئەو ئەندامانەی ڕێکخراوەکەش کە دێنە تورکیا، بۆ ماوەی 3 یاخود 5 ساڵ دەخرێنە ژێر چاودێریی دادوەرییەوە.
بڕگەی تایبەت بە ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە دەرناکرێت
وەک کەناڵە تورکییەکە بڵاویکردووەتەوە، یاسا و هەموارێکی تایبەت بە عەبدوڵا ئۆجەلان و سەرکردە باڵاکانی پەکەکە دەرناکرێت و ئەوانەشی سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراویان هەیە، لە دەرەوەی یاساکە دەبن.
ئەوانەی بەلای تورکیاوە تاوانیان نییە سزا نادرین
لەبارەی ئەو ئەندامانەی پەکەکەش کە دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئەوانەی بە لای تورکیاوە تاوانیان نییە، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی "پەشیمان"ـی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و سزا نادرێن.
هەندێک چەند ساڵێک دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە
ئەوانەشی تورکیا بە"تاوانبار"یان دەزانێت، لەلایەن دادگاوە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دەکرێت و بۆ ماوەی سێ تاوەکو پێنج ساڵ دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە، لەو ماوەیەشدا ناتوانن سیاسەت بکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا