زانیارییەکانی کەناڵ8؛ لە ماوەی 7 ساڵدا حکومەت "یەک دیناری" بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی خەرجنەکردووە
بەپێی زانیارییەکانی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی، لە ماوەی حەوت ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، هیچ بڕە پارەیەک بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە تەرخان نەکراوە و تەواوی خەرجیی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان لە داهاتی ناوخۆی ناوچەکە دابین کراون.
دۆخی خەرجی و بودجە لە سنووری سلێمانی
سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی هەرێم/ لقی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردووی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک دیناری بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج نەکردووە. تەواوی ئەو پڕۆژانەی لەم ماوەیەدا ئەنجامدراون، تێچووەکەیان لەسەر داهاتی نانەوتیی سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نەناردوون.
ناردنی داهات بۆ هەولێر و بودجەی سیادی
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، سلێمانی بەردەوام بەشداربووە لە دابینکردنی بودجەی گشتی و مانگانە بڕی 48 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی ڕەوانەی هەولێر کراوە. جگە لەوەش، مانگانە بڕی 10 ملیار و 260 ملیۆن دینار لە پارەی مووچەی مووچەخۆرانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕدراوە وەک "بودجەی سیادی" بۆ خەرجییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم، پەرلەمان، حکومەت و ئەنجوومەنی دادوەری لە هەولێر.
دابینکردنی خەرجیی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان
سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان مانگانە پێویستیان بە 15 بۆ 16 ملیار دینار هەیە بۆ خەرجییەکانی نەخۆشخانە، خواردنی چاکسازییەکان و پاککردنەوەی شار و شارۆچکەکان. ئەم بڕە پارەیەش تەنیا لە داهاتی نانەوتیی ناوخۆی سلێمانی دابین کراوە و حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ ئەو مەبەستە خەرج نەکردووە.
کۆکردنەوەی داهاتی فەرمانگەکان
سەرجەم داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و کارەبا لە سنوورەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر. لەو داهاتە تەنیا 8%ی بۆ سنوورەکە دەمێنێتەوە کە فەرمانگەکان هەوڵیانداوە لە ڕێگەی ئەو بڕە کەمەوە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ناوچەکەدا ئەنجام بدەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا