لە هەر 4 پڕۆژە لە هەرێم 3 دانەی بۆ هەولێر و دهۆک بووە
داتاکانی خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازییەکی گەورە لە نێوان شارەکان نیشان دەدەن، بەشێوەیەک لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا، پشکی شێری پڕۆژەکان و بودجە بۆ سنووری هەولێر و دهۆک بووە و سلێمانی و هەڵەبجە کەمترین پڕۆژەیان بۆ تەرخان کراوە.
جیاکاری لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێکتەرەکانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار و شوێنەوار، زۆرترین پڕۆژە و بودجەی بۆ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ تەرخان کردووە. لە بەرامبەردا، کەمترین پڕۆژە و پارە بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین تەرخان کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی نەبوونی بودجەی ساڵانە و پەککەوتنی چاودێریی پەرلەمان، زانیارییەکان لەسەر وردەکاریی کۆکردنەوە و خەرجکردنی داهات بە ناڕوونی ماونەتەوە.
بەراوردی پڕۆژەکانی هەولێر و سلێمانی
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کابینەی نۆیەم لە هەولێر 2,779 پڕۆژەی بە بەهای 3.2 تریلیۆن دینار جێبەجێ کردووە، بەڵام لە سلێمانی تەنیا 872 پڕۆژە بە بەهای 1.6 تریلیۆن دینار کراون. ئەم داتایە دەیسەلمێنێت کە ژمارەی پڕۆژەکانی هەولێر سێ هێندە زیاترە لە پڕۆژەکانی سلێمانی.
دهۆک و هەڵەبجە؛ جیاوازییەکی بەرچاو
لە بەراوردی نێوان هەردوو پارێزگای دهۆک و هەڵەبجەدا، جیاوازییەکان گەورەتر دەبن. لە دهۆک 1,591 پڕۆژە بە بەهای 681.5 ملیار دینار جێبەجێ کراون، لە کاتێکدا لە پارێزگای هەڵەبجە تەنیا 101 پڕۆژە بە بەهای 112 ملیار دینار ئەنجامدراون، کە ئەمەش جیاوازییەکی بێ وێنە لە نێوان ئەو دوو پارێزگایەدا نیشان دەدات.
دابەشکاریی ڕێژەیی پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان
کۆی گشتیی پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان 6,069 پڕۆژەیە. لەو ژمارەیە، 4,659 پڕۆژەیان کە دەکاتە 76.77% لە سنووری هەولێر، دهۆک، سۆران و زاخۆ بوون. لە بەرامبەردا، تەنیا 1,410 پڕۆژە کە دەکاتە 23.23%ـی کۆی پڕۆژەکان، لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان جێبەجێ کراون.
تەرخانکردنی بودجە و جیاوازیی دارایی
لە کۆی 6,318,800,000,000 (شەش تریلیۆن و 318 ملیار و 800 ملیۆن) دینار کە وەک بودجەی پڕۆژەکان تەرخان کراوە، بڕی 4,263,700,000,000 (چوار تریلیۆن و 263 ملیار و 700 ملیۆن) دینار بۆ هەولێر و دهۆک بووە، کە دەکاتە 67.48%ـی بودجەکە. لە بەرامبەردا بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکان بڕی 2,055,800,000,000 (دوو تریلیۆن و 55 ملیار و 800 ملیۆن) دینار تەرخان کراوە، کە تەنیا 32.52%ـی بودجەکەیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بودجەی پڕۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە کەمترە لە نیوەی بودجەی هەولێر و دهۆک.
2 کاتژمێر پێش ئێستا