مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دژایەتیی خۆى بۆ سەردانى عەلى زەیدى بۆ ئەمریکا ڕاگەیاند
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دژایەتیی توندی خۆی بۆ سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند و هۆشداریی دەدات لە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک کە سەروەریی و ئابووریی وڵات بخاتە ژێر هەژموونی واشنتنەوە.
هەڵوێست بەرامبەر کاتی سەردانەکە
مقاوەمەی ئیسلامی لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتێکدا "ئامێری جەنگی زایۆنی-ئەمریکی" بەردەوامە لە کوشتارگە لە عێراق، ئێران، لوبنان، یەمەن و فەڵەستین، شاندێکی حکومیی عێراقی دەچێتە واشنتن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا. بەرەی مقاوەمە دژایەتیی مەبدەئی خۆی بۆ ئەم سەردانە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە "دڵی ئازادیخوازانی جیهان" بەهۆی تاوانەکانەوە خەمبارە.
کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی و مەترسیی ئابووری
ڕاگەیێنراوەکە جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق بە "داگیرکاری" دادەنرێت و پێویستە کار لەپێشینەی حکومەت کۆتاییهێنان بەم بوونە بێت بەگوێرەی خشتەیەکی کاتیی ڕاگەیێنراو. هەروەها مقاوەمە هۆشداریی دەدات لە گۆڕینی داگیرکاریی سەربازی بۆ داگیرکاریی ئابووری و ڕایدەگەیەنێت کە دژی هەر جۆرە قۆرخکاری و هەژموونێکی ئابووریین کە چارەنووسی عێراق بخاتە ژێر دەستی وڵاتانی "خۆبەزلزان".
سەروەریی نیشتمانی و ڕزگارکردنی ئابووری
مقاوەمەی ئیسلامی ڕایگەیاندووە، ڕزگارکردنی ئابووریی عێراق لە هەژموونی ئەمریکی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی نێودەوڵەتی نابێت لە ڕێگەی سازش یان ملکەچکردن بێت بۆ وڵاتانی دەرەکی. هاوکات جەختیان کردووەتەوە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ "قەوارەی زایۆنی" لەژێر هەر ناوێکدا بێت (وەک ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی) بە "ناپاکیی گەورە" دادەنرێت.
ڕۆڵی پەرلەمان و هۆشداریدان بە کۆمپانیاکان
لە خاڵێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا داوا کراوە کە هەر پەیماننامە و ڕێککەوتنامەیەک شاندەکەی عەلی زەیدی ئەنجامی دەدات، دەبێت بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و نابێت پەنا بۆ پاساوی یاسایی ببرێت بۆ دەربازبوون لەم ڕێکارە. لە کۆتاییدا، مقاوەمەی ئیسلامی هۆشداریی داوەتە هەر کۆمپانیایەکی بیانی کە بیەوێت سامانی عێراق بقۆزێتەوە یان دەستدرێژی بکاتە سەر مافەکانی گەلی عێراق.
2 کاتژمێر پێش ئێستا