لە شاری سلێمانی نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزی چاندنی مۆخی ئێسک ئەنجام درا

سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە سلێمانی
سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە سلێمانی

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە نوێترین چاندنی مۆخی ئێسک، نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزی چاندنی مۆخی ئێسک بۆ یەکێک لە تووشبوانی شێرپەنجە ئەنجام درا.

'' چارەخوازەکە تووشی نەخۆشیی بەریشاڵبوونی مۆخی خوێن ببوو''

د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ڕایگەیاند: لەلایەن تیمێکی چاندنی مۆخی ئێسکی سلێمانی سەر بە نەخۆشخانەی هیوا نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزی چاندنی مۆخی ئێسک بۆ چارەخوازێک ئەنجام درا، چارەخوازەکە دانیشتووی شاری دهۆکە، دوای مانەوەی بۆ نزیکەی مانگێک لە نەخۆشخانە، گەڕایەوە ناو خانەوادەکەی.

'' %40ـی کارمەندەکانی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک خۆبەخشن ''

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت ''%40ـی کارمەندەکانی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک خۆبەخشن، پێویستمان بە دامەزراندنی کارمەندی تەندروستییە بۆ سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە سلێمانی.

''سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسکی سلێمانی فراوان دەکرێت''

د. یاد نەقشبەندی دەڵێت '' لە داهاتوودا لەسەر داهاتی ناوخۆیی پارێزگای سلێمانی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسکی سلێمانی فراوانتر دەکین، زۆرجار بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە نەمانتوانیوە دەستواڵاتر بین لە  فراوانکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، لە پلانماندایە ژمارەی تەختی چارەخواز لە سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە سلێمانی لە شەش تەختەوە بۆ 18 تەخت زیاد بکەین ''.

سەروەر سالار

2 کاتژمێر پێش ئێستا