عەلی زەیدی لە واشنتن پۆست: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە 'ئیدارەدانی قەیران'ەوە دەگۆڕین بۆ 'دەرفەت'

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، دیدگای خۆی بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی بەغداد و واشنتن ڕادەگەیەنێت و جەخت لە گۆڕینی هاوبەشییەکان بەرەو کەرتی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی دەکاتەوە.

قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان

عەلی زەیدی ڕایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلولی داهاتوو، دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە هاوبەشی لەگەڵ واشنتن. سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردووە کە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی ئیدارەدانی قەیرانەکانەوە بگوازنەوە بۆ قۆناغی ڕەخساندنی دەرفەتی هاوبەش و هاوبەشییەکی هەمەلایەنە.

وەبەرهێنان و کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ

لەبارەی سەردانەکەی بۆ واشنتن، سەرۆکوەزیران ڕایگەیاندووە کە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەخت لەسەر وەبەرهێنان و ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکان لە عێراق دەکاتەوە. هاوکات تاوتوێی پەرەپێدانی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەکرێت.

کۆنتڕۆڵکردنی چەک و سەروەریی یاسا

لە وتارەکەیدا، زەیدی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتەکەی لە پرسی کۆکردنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە دەستی دەوڵەتدا هەنگاوی باشی ناوە و بەرەو پێشەوە چووە. جەختیشی کردووەتەوە کە کار بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا کراوە و ئامانجی سەرەکییان بونیادنانی دەوڵەتێکە کە هەموو عێراقییەکان شانازیی پێوە بکەن.

عێراق وەک سەنتەرێکی ئابووریی ناوچەیی

سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە کە عێراق بەردەوام دەبێت لە چاکسازییەکان بۆ بەهێزکردنی متمانەی دەوڵەت و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنەران. بە بڕوای زەیدی، عێراق سەرجەم بنەماکانی تێدایە بۆ ئەوەی ببێتە سەنتەرێکی ئابووریی پێشەنگ لە ناوچەکەدا و ئەمریکاش وەک هاوبەشێکی بنەڕەتی لە بەهێزکردنی ئاشتی و هەماهەنگی نێوان عێراق و دراوسێکانی دەبینێت.

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا