ئامارەکانی کابینەی 9: پڕۆژەکانی هەولێر 3 هێندەی سلێمانییە و دهۆک 15 هێندەی هەڵەبجەیە

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
كۆبوونەوەیەکی کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
فۆتۆ: ماڵپەری حكومەتی هەرێم
كۆبوونەوەیەکی کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستان. فۆتۆ: ماڵپەری حكومەتی هەرێم

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 7 ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، جیاوازییەکی بەرچاو لە ژمارەی پڕۆژەکان و بڕی بودجەی تەرخانکراو لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا هەبووە، بە جۆرێک زۆرینەی پڕۆژە و بودجە بۆ سنووری هەولێر و دهۆک بووە.

پڕۆژەکانی سنووری هەولێر و سلێمانی

لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا، لە سنووری پارێزگای هەولێر 2,779 پڕۆژە بە تێچووی 3,200,000,000,000 (3.2 تریلیۆن) دینار جێبەجێ کراون. لە بەرامبەردا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 872 پڕۆژە ئەنجامدراون بە تێچووی 1,600,000,000,000 (1.6 تریلیۆن) دینار. ئەمە نیشانی دەدات کە لە هەولێر 1,907 پڕۆژە زیاتر لە سلێمانی کراون و بڕی 1.6 تریلیۆن دیناری زیاتری بۆ تەرخان کراوە.

بەراوردی پڕۆژەکانی دهۆک و هەڵەبجە

لەسەر ئاستی پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە، جیاوازییەکان گەورەتر دەبن؛ لە سنووری پارێزگای دهۆک 1,591 پڕۆژە بە تێچووی 681,500,000,000 (681.5 ملیار) دینار ئەنجامدراون. لە بەرامبەردا لە پارێزگای هەڵەبجە تەنیا 101 پڕۆژە بە تێچووی 112,000,000,000 (112 ملیار) دینار جێبەجێ کراون. بەوپێیە لە دهۆک 1,490 پڕۆژە زیاتر لە هەڵەبجە کراون و بڕی 569.5 ملیار دینار زیاتری بۆ تەرخان کراوە.

ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و ڕاپەڕین

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا 182 پڕۆژە بە بەهای 282,000,000,000 (282 ملیار) دینار ئەنجامدراون. لە بەرامبەردا لە ئیدارەی ڕاپەڕین ژمارەی پڕۆژەکان زیاتر بووە و 242 پڕۆژە ئەنجامدراون، بەڵام بەهای پڕۆژەکان کەمتر بووە و تەنیا 121,500,000,000 (121.5 ملیار) دیناری بۆ تەرخان کراوە. ئەمەش دەریدەخات کە هەرچەندە ڕاپەڕین 60 پڕۆژە زیاتری لێ کراوە، بەڵام ئیدارەی سۆران 160.5 ملیار دینار بودجەی زیاتری بۆ تەرخان کراوە.

ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و زاخۆ

لەسەر ئاستی ئیدارەکانی گەرمیان و زاخۆ، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 195 پڕۆژە بە بەهای 221,600,000,000 (221.6 ملیار) دینار ئەنجامدراون. لە بەرامبەردا لە سنووری ئیدارەی زاخۆ 107 پڕۆژە جێبەجێ کراون بە بەهای 102,000,000,000 (102 ملیار) دینار. بەوپێیە لە گەرمیان 88 پڕۆژە زیاتر لە زاخۆ کراون و بڕی 119.6 ملیار دیناری زیاتری بۆ تەرخان کراوە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا