دەستەى دەستپاکی: فەرمانی دەستگیرکردن و بانگێشتکردن بۆ 155 پلە تایبەت دەرچووە؛ ئاماری چالاکییەکان بڵاوکرایەوە
دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە فەرمانی دەستگیرکردن و بانگێشتکردن بۆ 155 بەرپرسی پلە تایبەت دەرچووە؛ هاوکات نێزیکەی 500 تۆمەتباریان لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیر کردووە و دۆسیەی نوێیان بۆ سەدان گەندەڵکاری هەڵاتوو کردووەتەوە.
دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پلە تایبەتەکان
دەستەی دەستپاکیی عێراق کار و چالاکییەکانی لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن و بانگێشتکردن بۆ 155 پلە تایبەت دەرچووە.
بڕیارەکانی دەستبەسەرداگرتن و سزای سەرپێچیکاران
دەستەی دەستپاکیی عێراق لەبارەی بڕیارەکانی دەستبەسەرداگرتن، سزاکان و ژمارەی دەستگیرکراوان ڕایگەیاند، لە 6 مانگی یەکەمدا 901 بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەکان هەبووە و 436 سزای کارگێڕییان دەرچوواندووە و 471 کەسیشیان لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیر کردووە.
دۆسیەی گەندەڵکارە هەڵاتووەکانی دەرەوەی وڵات
دەستەی دەستپاکی لەبارەی لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی سەرپێچییان کردووە و پارەیان بۆ دەرەوە بردووە ڕاشیگەیاندووە، 355 دۆسیەی تایبەت بەو کەسانەی هەڵاتوون و پارەیان بردووەتە دەرەوە، کراوەتەوە.
تۆمارکردنی ئەستۆپاکی دارایی بەرپرسان
کۆمسیۆنەکە لەبارەی پرۆسەی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سەروەت و سامانی بەرپرسان و فەرمانبەران دەشڵێت، 40 هەزار و 567 کەس، ئەستۆپاکی داراییان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق تۆمار کردووە.
چاودێریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕاپۆرتی کێشەکان
دەستەی دەستپاکیی عێراق لەبارەی ژمارەی بەسەرکردنەوەی فەرمانگەکان و هەڵسەنگاندنی کارەکانیان باسی لەوەش کردووە، لە 6 مانگدا 555 جار سەردانی دامەزراوەکانی دەوڵەتیان کردووە و 34 ڕاپۆرتیان لەبارەی شێوازی کارکردن و کێشەی دامەزراوەکان و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان ئامادە کردووە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا