وەزارەتی دارایی وەڵامی ڕاپۆرتێکی کەناڵ8 دەداتەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاپۆرتێکی کەناڵ8 دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئامارانەی لەبارەی دابەشکردنی مووچە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە ڕاستی و لە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی وەزارەتەکەیانەوە وەرنەگیراون.
ئاماری فەرمیی دابەشکردنی مووچە
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە پەرتووکی کار، چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەت بۆ ساڵانی 2019 تا 2025، داتای حەوت ساڵ بە وردی بڵاوکراوەتەوە. بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانە، لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا لە کۆی 84 مانگ، 74 مووچە دابەشکراوە، نەک ئەو ژمارانەی لە کەناڵەکەدا باسکراون.
وەڵام بۆ بێژەری کەناڵ8
وەزارەتی دارایی وەڵامی بژار دەباغ، بێژەری کەناڵ8 دەداتەوە کە لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ی ڕۆژی یەکشەممە 12-7-2026، چەند زانیارییەکی خستووەتەڕوو. وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە: "وا باشترە کاک بژار کاتی خۆی تەرخان بکات و چاوێک بە پەرتووکی وەزارەتەکەماندا بخشێنێت، ئەوکات ڕاستییەکان و داتاکانی بۆ ڕوون دەبێتەوە". هەروەها جەخت دەکەنەوە کە بێژەرەکە ئازادە باسی هەر کابینە و ساڵێک دەکات، بەڵام نابێت داتاکان بە ناوی وەزارەتی داراییەوە تۆمار بکات.
بەرپرسیارێتیی سیاسی و ئیداری
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو لایەنە سیاسییەی کەناڵەکە نوێنەرایەتی دەکات، لە حکومەتدا بەشدارە و بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی 43%ـی خاکی هەرێمی کوردستان. وەزارەت داوا دەکات لەجیاتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، پشت بە سەرچاوە و بەڵگەنامە فەرمییەکان ببەسترێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا