بەرچاوڕوونییەکی ڕۆژنامەوانیی بۆ وەزارەتی دارایی و مووچەخۆرانی کوردستان
دامەزراوەی میدیایی کەناڵ8 بەرچاوڕوونییەک بۆ وەزارەتی دارایی و مووچەخۆران بڵاودەکاتەوە و تێیدا ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئامارەکانیان لەگەڵ حکومەت جیاوازن، جەختیش دەکاتەوە کە بەدواداچوونەکانیان تەواوی مێژووی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2015ەوە دەگرێتەوە.
دەقی تەواوی ڕاگەیێنراوەکەی کەناڵ8
دامەزراوەی میدیایی کەناڵ8 لەسەر ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، کە پێیوایە هەواڵێکی کەناڵ8 ناڕاستیی تێدایە، ئەم بەرچاوڕوونییە بۆ وەزارەتی دارایی و خەڵک و مووچەخۆرانی کوردستان بەپێویست دەزانێت:
یەکەم: ئەو ئامارانەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە لەبارەی مووچەی نەدراوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەنیا پشتی بەستووە بە ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەم، واتە ئاماری تەنیا 7 ساڵی وەرگرتووە. بەڵام بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکەی کەناڵ8 لە ساڵی 2015ەوە ئاماری وەرگرتووە، کە هەر لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەت ماڵە، بەڵام کابینەی نوێ نایەوێت خۆی بە خاوەنی ئەو چوار ساڵەی ڕابردوو بکات.
دووەم: هەر لەبەر جیاوازیی ئەو چوار ساڵەیە ژمارەکان لە وەزارەتی دارایی و لە کەناڵ8 جیاوازن. بەگوێرەى دوایین داتاکانى وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان، لە ماوەى حەوت ساڵى ڕابردوودا، 10 مووچەى تەواو دابەش نەکراوە و 11 مووچەش بە لێبڕینى %21 و %18 دابەشکراوە. بەڵام لە بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکەی کەناڵ8 دەردەکەوێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا، لە 2015 تاوەکو کۆتایی 2025 کە 132 مانگ دەکات، 72 مووچەی تەواوی دابەش کردووە و 45 مووچەی بە لێبڕین و چارەکە مووچە خەرج کردووە و 15 مووچەی تەواویشی دابەش نەکردووە.
سێیەم: کەناڵ8 لە بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکانیدا، بەتایبەت ئەوەی خەمی خەڵکی کوردستان بێت، هەموو گۆشەکان لێکدەداتەوە و بنکۆڵکاریی لە هەموو مێژووەکان دەکات، بەڵام وەزارەتی دارایی دەیەوێت تەنیا ئەو 7 ساڵەی کابینەی نۆی لەسەر هەژمار بکرێت.
دامەزراوەی میدیایی کەناڵ8
13-7-2026
2 کاتژمێر پێش ئێستا