دەست بەسەر موڵک و کارگە و بارهەڵگرەکانی عەدنان جومەیلیدا دەگیرێت کە بەهاکەیان 69 ملیار دینارە

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەشێک لە خانوو و باڵەخانە و بینای کۆمپانیاکانی عەدنان جومەیلی کە دەستیان بەسەردا گیراوە
بەشێک لە خانوو و باڵەخانە و بینای کۆمپانیاکانی عەدنان جومەیلی کە دەستیان بەسەردا گیراوە

دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی عەدنان جومەیلیدا، دەستی بەسەر زنجیرەیەک موڵکی بازرگانی، کارگەی ئارد و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گرانبەهادا گرت، کە بەهاکەیان دەگاتە دەیان ملیار دینار و تۆمەتباران بۆ شاردنەوەی سەرچاوە داراییە ناشەرعییەکانیان، موڵکەکانیان بە ناوی کرێکارەکانیانەوە تۆمار کردووە تاوەکو لە چاوی یاسا و دەزگا پەیوەندیدارەکان دوور بن.

دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکان لە موسڵ

ژمارەیەک موڵک و کارگە بە بەهای 69 ملیار دینار و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بە بەهای 1 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار، لە دۆسیەی عەدنان جومەیلیدا دەستیان بەسەردا گیرا، جومەیلی بۆ شاردنەوەی سەرچاوە ناشەرعییەکانیان موڵک و ئۆتۆمبێلەکانی کردووە بە ناوی کرێکارەکانییەوە.

بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی سپیکردنەوەی پارە

دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی لەبارەی وردەکاریی دەستبەسەرداگرتنەکان ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای بڕیارە دادوەرییەکان و لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی عەدنان جومەیلی و لایەنە تێوەگلاوەکانی دیکە لە تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی دارایی، 9 موڵکی بازرگانی و 3 کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد لە شاری موسڵ دەستیان بەسەردا گیراوە کە تێکڕای نرخەکەیان لە بازاڕدا دەگاتە 69 ملیار دینار.

بارهەڵگرە گرانبەهاکان و بەهای داراییان

هاوکات، 7 بارهەڵگری مۆدێرن کە هەر یەکەیان نرخەکەی دەگاتە 200 هەزار دۆلار دەستیان بەسەردا گیراوە، کە نرخی هەموویان دەگاتە 1 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار.

خەمڵاندنی نرخی موڵک و کارگەکان

دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا لەبارەی خەمڵاندنی نرخی دارایی موڵکەکان ئاماژەی بەوە کرد، نرخی موڵکە بازرگانییەکان کە دەکەونە ناوەندی شاری موسڵ دەگاتە نزیکەی 45 ملیار و نرخی کارگەکانی ئاردیش دەگاتە 24 ملیار دینار.

شێوازی شاردنەوەی سەرچاوە ناشەرعییەکان

دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا لەبارەی فێڵی تۆمەتباران بۆ شاردنەوەی موڵکەکان ڕوونیکردەوە، تۆمەتبارانی هەڵاتوو، موڵکەکانیان کردووە بە ناوی ئەو کرێکارانەی لەلایەن کاریان کردووە بۆ بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی سەرچاوە ناشەرعییەکەی.

پاراستنی داهات و بەردەوامیی کارکردن

دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا لەبارەی چارەنووسی داهاتی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەو پێیەی موڵکەکان و کارگەکان بەرهەمدارن و قازانجیان هەیە، بڕیاردراوە پاسەوانی دادوەرییان بۆ دابنرێت بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنیان، تاوەکو بەردەوام بن لە کارکردن و داهاتەکانیان کۆبکرێتەوە.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا