زەیدی: ئامانجی سەردانەکەمان بۆ واشنتن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و هەمەجۆرکردنی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کارە

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی و ئابووری، بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و واژۆکردنی هاوبەشیی ستراتیژی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و وزەدا، بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێدەکەوێت، تاوەکو لەوێ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرز لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا ئەنجام بدات.

پێکهاتەی شاندەکە و جۆری هاوبەشییەکە

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پێکهاتەی شاندەکە و جۆری هاوبەشییەکە لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی و ئابووری بەرەو واشنتن بەڕێدەکەوین، لە سەردانەکەماندا ڕژدین لەسەر بەرجەستەکردنی پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، بۆ هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنانی ڕاستەقینە.

کایەکانی هەماهەنگیی ئابووری و تەکنەلۆجی

عەلی زەیدی لەبارەی کایەکانی هەماهەنگیی ئابووری دەشڵێت، ئەو هاوبەشییە ئابووری و وەبەرهێنانە ڕاستەقینەیەی نێوان هەردوو وڵات، ئاسۆی هەماهەنگی لە بوارەکانی وزە، تەکنەلۆجیا، ژێرخان، ئابووری ئەلیکترۆنی و هاوبەشیی پارەدارکردن فراوان دەکات.

ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و گەشەپێدانی ئابووری

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئامانجە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی ڕاشیگەیاندووە، ئامانجیان ڕوونە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنەران، هاوبەشیکردنی شارەزایی، هەمەجۆرکردنی ئابووری، ڕەخساندنی هەلی کار بەو جۆرەی گەشەپێدان و پێگەی عێراق پتەوتر بکات، وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکراو و ڕەگەزێکی کارا لە سەقامگیریی ناوچەکە و گەشەسەندنی.

کاتی بەڕێکەوتن و وردەکاریی گەشتەکە

ئەوە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 4:30 خولەک، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بەرەو واشنتن بەڕێکەوتوون و گەشتەکە زیاد لە 14 کاتژمێر دەخایەنێت و بڕیارە ئەمشەو بگاتە واشنتن و کۆبوونەوە فەرمییەکانی ئەنجام بدات.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا