پەنیری کونە پێستی گوندی نەستان لە ورمێ؛ هەوارگەی سروشتیی پێگەیاندنی 20 تۆن پەنیر بە تام و بۆنی ڕەسەن
لە گوندی نەستانی سەر بە سەردەشت لە پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەریتێکی دێرینی هەڵگرتنی پەنیر لەناو کونە پێستە سروشتییەکاندا پارێزراوە، کە تێیدا ساڵانە نزیکەی 20 تۆن پەنیر بە شێوەیەکی سروشتی پێ دەگەیەنرێت؛ ئەم ڕێگەیە نەک هەر تام و بۆنی بەرهەمەکە دەپارێزێت، بەڵکو بەهایەکی ئابووریی باشی لە بازاڕەکاندا پێ دەبەخشێت.

کۆچکردن بۆ گەیشتن بە ئەشکەوتە ساردەکان
ڕەحیم حەبیبی، لە دامێنی چیاکانی گوندی نەستان، لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاودێریی کونە پێستی گوندەکە دەکات کە ساڵانە نزیکەی 20 تۆن پەنیرى تێدا هەڵدەگیرێت. وەک نەریتێکی دێرین، ناوی ئەو کەسانە دەنووسێت، کە دەیان کیلۆمەتریان بڕیوە بۆ ئەوەی پەنیرەکەیان لە کونە پێستدا دابنێن.

شێوازی وەرگرتن و ناسینەوەی پەنیرەکان
ڕەحیم حەبیبی پەنیرەکە بە کیلۆ تۆمار دەکات و پسوڵەیەک بە خاوەنەکەی دەدات و بەو هۆیەوە هەر کاتێک هاتەوە پەنیرەکەی خۆی دەناسێتەوە.

وەرزی گواستنەوەی پەنیر بۆ ناو کونە پێست
لە مانگی دووەمی بەهارەوە خەڵکی ناوچەکە پەنیرەکانیان دەهێنن بۆ ئەم شوێنە و تاوەکو سەرەتای پاییز لێرە دەمێنێتەوە.

جیاوازیی نێوان بەفرگر و ژینگەی سروشتیی ئەشکەوت
ئاژەڵداران و پەنیرسازەکان لەو بڕوایەدان ئەگەر پەنیرەکە لە بەفرگر و فرێزەردا هەڵبگیرێت، ئەوا هەر بە تەڕى دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر بخرێتە کونە پێستەوە وشک دەبێت و باش پێ دەگات، ئەوەش وادەکات بۆنوبەرامێکی خۆشی هەبێت و لە بازاڕیشدا پارەیەکی باش بکات.

بەردەوامیی شێوازی نەریتیی بەرهەمهێنان
خەڵکی ناوچەکە هێشتا بە شێوازی نەریتی پەنیر ئامادە دەکەن، لە شیری تازەوە تاوەکو جیاکردنەوە، خوێکردن و ئامادەکردنی پەنیرەکە شارەزایی دەوێت و یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی پەنیرێکی بەتام و چێژ بەرهەم بهێنرێت.

وردەکاری لە ئامادەکردن و مەترسییەکانی تێکچوون
بەیان مستەفا نەژاد، خانمێکی دەستڕەنگین و شارەزا لە ئامادەکردنی پەنیر، لەبارەی گرنگیی لێزانی لە کارەکەدا گوتی، ئەگەر وریا و لێزان نەبن لە هەڵگرتنیدا ڕەنجبەخەسار دەبن.

گۆڕانکاری لە کەرەستەکانی هەڵگرتنی پەنیردا
کونە پێست لە کۆنەوە لە ناوچە کوێستانییەکان بۆ هەڵگرتن و پێگەیاندنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی گوندنشینان و بە تایبەتیش پەنیر بەکارهاتووە، ساڵانی ڕابردووش پەنیرەکە لە پێستە یاخود تەنەکە دەکرا و لە کونەکەدا هەڵدەگیرا، بەڵام ئێستا لە دەبەی پلاستیکی هەڵدەگیرێت و هەفتانەش سەیری دەبەکان دەکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی پەنیرەکە.



2 کاتژمێر پێش ئێستا