کايا کاڵاس: نابێت هيچ پارەيەک بۆ تێپەڕين بە گەرووی هوورمزدا وەربگيرێت
کايا کاڵاس، بەرپرسی سياسەتی دەرەوەی يەکێتی ئەورووپا لە ميانی کۆبوونەوەی وەزيرانی دەرەوەی يەکێتييەکە لە برۆکسل لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانيدا ڕايگەياند، يەکێتييەکە تاوتوێی دۆخی کەشتيوانی لە گەرووی هوورمز دەکات و پێويستە ڕێز لە ئازادی کەشتيوانی بگيرێت و نابێت هيچ پارەيەک بۆ تێپەڕين بە گەرووەکەدا وەربگيرێت.
ڕێزگرتن لە ئازادی کەشتوانی لە گەرووی هورمز
بەرپرسی سياسەتی دەرەوەی يەکێتی ئەورووپا لەوبارەیەوە گوتی "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بوونی هەيە، بەڵام لەڕاستیدا جێبەجێ ناکرێت، ئێمە گفتوگۆ لەبارەی ئەوەوە دەکەين کە دەتوانين چی بکەين و چ پەيامێک بنێرين لەبارەی ئەوەی کە گەرووی هوورمز بکرێتەوە، پێويستە ڕێز لە ئازادی کەشتيوانی بگيرێت و نابێت هيچ پارەيەک بۆ تێپەڕين بە گەرووی هوورمزدا وەربگيرێت".
قبوڵنەکردنی دەستوەردانی دەرەکی لە گەرووی هورمز
کايا کاڵاس گوتیشی " ئێران دەڵێت، ئەوان هیچ جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە گەرووی هوورمزدا قبوڵ ناکەن، بۆیە دەبێت بەڕاستی ڕێککەوتنێک هەبێت کە جێبەجێ بکرێت و دواتر هەموو ئەوانە دەکرێت بەرەو پێشەوە بچن، من هەمیشە پشتيوانی کارەکانی ئۆپراسیۆنی وەک ئاسپیدسم کردووە، کە ئەرکێکی هەيە و تەنيا پێویستی بە گۆڕینی پلانەکەيە. بەڵام وڵاتانی ئەندام دەیانگوت با ئۆپراسیۆنەکە لە دەريای سوور بەردەوامبێت، چونکە ئازادی کەشتيوانی لەوێش لەژێر مەترسيدايە".
1 کاتژمێر پێش ئێستا