بانکى ناوەندیى عێراق چەند ڕێنماییەکى لەبارەى خەرجکردنى دۆلار بە کاش بڵاوکردەوە
بانکى ناوەندیى عێراق چەند ڕێنماییەکى لەبارەى خەرجکردنى سپاردەى هاوڵاتیان لە بانکەکان بە شێوەى کاش بە دۆلار بڵاوکردەوە.
لە نووسراوێکى فەرمى کە لەلایەن بانکى ناوەندیى عێراقەوە دەرچووە ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێگە بە بانکەکان دەدرێت سپاردەى هاوڵاتیان کە بە دۆلارە بەشێوەى کاش خەرج بکەن.
کردنەوەى هەژمارى بانکى بۆ هاوڵاتیان بە دراوی بیانیانی پەسەندکراو
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەک جێبەجێکردنى سیاسەتى نەختینەیى و بۆ ئەوەى بانکەکان پێداویستى سوودمەندانى لە دراوى دۆلارى ئەمریکى جێبەجێ بکات و هاوکات بە گوێرەى ڕێنماییەکانى حکومەت و بانکى ناوەندیى عێراق لە برەودان بە متمانەدان بە دینارى عێراقى و ئاڵوگۆڕى ئەلیکترۆنى و کەمکردنەوەى مامەڵەکردن بە کاش بڕیاردرا بانکەکان بەردەوام بن لە کردنەوەى هەژمارى بانکى بۆ هاوڵاتیان بەو دراوە بیانیانەی کە لەلایەن ئەم بانکەوە پەسەندکراون لەبەرامبەر سوود و بەگوێرەی سیاسەتی بانکەکە.
مافی هاوڵاتی بۆ ڕاکێشانی سپاردە و سوود بە هەمان دراو
دەشڵیت، هاوڵاتى مافی خۆیەتی بڕە پارە سپێردراوەکان و سوودەکانی بە شێوەی نەختینە و بە هەمان دراوی هەژمارەکە ڕابکێشێت.
بۆ پارە حەواڵەکراوەکانیش هەمان ڕێنمایی جێبەجێ دەکرێت
لە نووسراوەکەى بانکى ناوەندى هاتووە، ڕێگە بە بانکەکان دەدرێت پارەى حەواڵەى هاوڵاتیان ئەوانەى لە دەرەوەى عێراق حەواڵە کراوون بە کاش و بە دۆلارى ئەمریکى وەربگرێت یان بە دراوى دۆلارى ئەمریکى بخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکەى.
مەرجی ڕاکێشانی نەختینەی حەواڵە بە دەستگەیشتووەکان
ئاماژە بەوەش کراوە، بانکی ناوەندیی عێراق داواکاریی بانکەکان بۆ ڕاکێشانی نەختینەیی حەواڵە بەدەستگەیشتووەکان بە دۆلاری ئەمریکی جێبەجێ دەکات، بە مەرجێک بڕی ئەو حەواڵانە بخرێنە سەر یەکێک لە هەژمارەکانی ئەم بانکە لای یەکێک لە نوێنەرانى بانکەکە لە دەرەوە.
حەواڵە بەدەستگەیتشووەکان دوو حاڵەت دەگرێتەوە
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە داواکاریی بانکەکان بۆ ڕاکێشانی نەختینەیی حەواڵە بەدەستگەیشتووەکان بە دۆلاری ئەمریکی ئەم دوو حاڵەتە دەگرێتەوە، حاڵەتى یەکەمیان: ئەو گرێبەستانەی لە ڕێگەی بەخشین یان قەرزە دەرەکییەکانەوە خەرج دەکرێن و ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بە دۆلار واژۆ کراون (چ ئەوانەی کاران یان لە داهاتوودا واژۆ دەکرێن)، بە پشتگیری وەزارەتی پلاندانان، ئەگەر لایەنی تەمویلکار مەرجی دانابێت کە پارەکە بە کاش بە دۆلار لە ناوخۆی عێراقدا خەرج بکرێت.
حاڵەتى دووەمیش بریتییە لە، ڕێژەی40%ـى ئەو حەواڵە بەدەستگەیشتووانەی کە بۆ هەناردەکارانی عێراقی دێن و سەرچاوەکەیان هەناردەکردنی کاڵاکانیانە بۆ دەرەوە.
بڕیارەکە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجکردنەوە
لە نووسراوەکەى بانکى ناوەندیى عێراق جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی 15ـى تەممووزی 2026ـەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

4 کاتژمێر پێش ئێستا