ژن و پیاوێکی عێراقی بە تاوانی بە کەنیزەک کردنی کچانی ئێزدی سزادران
دادگایەکی ئەڵمانیا، بەتۆمەتی بە کەنیزەک کردنی دوو کچی ئێزدی لە سووریا، ژن و پیاوێکی عێراقی بە زیندانیکردن سزادا.
پیاوەکە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە
پیاوەکە کە کورتکراوەی ناوەکەی (توانا ح. س)، لەلایەن دادگای میونشنەوە بە زیندانیی هەتاهەتایی سزادراوە، ژنەکەشی کە ناوی (ئاسیا. ر. أ) بە نۆ ساڵ و شەش مانگ سزادراوە.
ماوەی نزیکەی سێ ساڵ ئەو تاوانەیان بەسەر کچە ئێزدییەکان ئەنجامداوە
دادگاکە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی، ئەو ژن و پیاوە لەنێوان تشرینی یەکەمی 2015 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2017 لە سووریا، ئەو تاوانەیان بەرامبەر ئەو کچە ئێزدییانە ئەنجامداوە.
دوو کچی ئێزدییان وەک کەنزیک کڕێوە
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژن و مێردە ساڵی 2015 کچێکی پێنج ساڵانی ئێزدییان وەک کەنیزەک کڕیوەتەوە، ساڵی 2017یش کچێکی دیکەی 12 ساڵانیان کڕیوە.
تاوانبارکردنی پیاوەکە بە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچەکان
بەگوێرەى بەڵگەکان، کچەکان لەلایەن ئەو ژن و مێردەوە ناچارکراون کاری ناوماڵ ئەنجامبدەن و چاودێریی منداڵەکانیان بکەن، هەروەها دادگا توانای تاوانبار کردووە بە ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر کچەکان.
سزای لێدان و سووتاندن بەسەر کچەکاندا لە لایەن هاوسەری پیاوەکەوە
یەکێکی دیکە لەو تۆمەتانەی بەسەر ئەو ژن و مێردەدا یەکلا بووەتەوە، لێدانی کچە 12 ساڵانەکە بووە، لەگەڵ سووتاندنی دەستی کچە بچووکەکە لەلایەن ئاسیای هاوسەرییەوە.
ڕێگە نەدان بە پەیڕەوکردنی ئایینی ئێزدی
هەر بەگوێرەى بڕیارەکەی دادگا، ئەو ژن و مێردە ڕێگەیان نەداوە ئەو کچانە پەیڕەوی ئایینی ئێزدی بکەن و ناچاریان کردوون پابەندی ئایینی ئیسلام بن.
یەکێک لە کچەکان ئامادەی پرۆسەی دادگایکردنەکە بووە
یەکێک لەو کچانە ئامادەی پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو ژن و پیاوە بووە، کاتێک دادگا بڕیاری سزادانیانی خوێندووەتەوە، فرمێسک بە چاوەکانیدا هاتووەتە خوارەوە.
کچەکە لە بەشێک لە شاهیدییەکەی گوتوویەتی، "سەگ لە ئێمە بە بەهاتربووە، منداڵییان تەنیا نەهامەتی بوو".
ئەو ژن و پیاوە لە مانگی تشرینی دووەمی 2017، دوای ئەوەی ئەو دوو کچەیان ڕادەستی چەکدارانی دیکەی داعش کردووە، بەرەو ئەڵمانیا ڕویشتوون و سووریایان جێهێشتووە.
مانگی نیسانی 2024، ئەو ژن و مێردە لە باشووری ئەڵمانیا، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون.

2 کاتژمێر پێش ئێستا