لە سنوورى شارۆچکەى ماوەت ئاگرکەوتەوە
لە گوندى ژاژڵەى سنوورى شارۆچکەى ماوەت لە پارێزگای سلێمانی ئاگرکەوتەوە، تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
تیمی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕەوانەی شوێنەکە کراون
ئارام عەلى، گوتەبێژى بەرگریى شارستانیى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، تیمەکانیان لە ڕووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و ڕەوانەى شوێنەکە کراون بۆ کۆنترۆڵکردنى، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە.
دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە هۆکارەکەی بۆ ڕایگشتی ئاشکرا دەکرێت
ئاماژەى بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا نازانن چەند دۆنم زەوى بەهۆى ئاگرەکەوە سووتاوە، دواى کۆنترۆڵکردنى، ڕووبەرى سووتان و هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە بۆ ڕایگشتى ئاشکرا دەکەن.
ئاماری ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی ڕابردووی سنووری سلێمانی
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانی، لە 10 مانگی ساڵى 2025دا، تەنیا هەزار و 264 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون، کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، دابەزینێکی پێوانەییە.
ئاماری ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی 2023ی سنووری سلێمانی
هەر بەگوێرەى ئامارەکە، ساڵی 2023 چوار هەزار و 601 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە، ساڵى 2024 سێ هەزار و 712 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراوە و 10 مانگى کۆتاى 2025یش تەنیا هەزار و 264 ڕووداوى ئاگرکەوتنەوە هەبووە.
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئاگرکەوتنەوەکان
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاشکرای کرد، یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی ڕابردوودا، بریتی بووە لە "بارگاویکردنەوەی مۆبایل" و هێشتنەوەی لەسەر شەحن بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی زۆر.
8 کاتژمێر پێش ئێستا