وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی مانگی حوزەیرانی بڵاوکردەوە

جەبار حسین 7 کاتژمێر پێش ئێستا
لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان
لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان

وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان، لیستى دابەشکردنى مووچەى مانگى حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانى بڵاوکردەوە.

بە سێ ڕۆژ دابەشدەکرێت

بەگوێرەى ڕاگەێینراوى وەزارەتەکە، ڕۆژی چوارشەممە 15ى تەمموز دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت و ڕۆژی شەممە 18ی تەمموزی 2026 کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.

نەتوانراوە پارەکە بە شێوەی کاش وەربگیرێت

وەزارەتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی گەیشتنی تەمویلی مووچە کەوتە کۆتایی دەوامی فەرمی و نەتوانرا پارەکە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق وەربگیرێت.

سبەی ڕێگاری وەرگرتن و گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکان دەستپێدەکرێت

دەشڵێت: هەرچەندە سبەی سێ شەممە پشوی فەرمییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سبەی دەست بەڕێکارەکانی وەرگرتنی پارەو گواستنەوەی بۆ بانکەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکات و سەرجەم بانک و گەنجینەکان لە ئامادەکاری تەواودا دەبن بۆ ئەوەی لە ڕۆژی چوار شەممە کاتژمێر 8:00ى بەیانی دەست بەدابەشکردنی مووچە بکەن.

چوارشەمممە دەستپێدەکات و ڕۆژی شەممە کۆتایی دێت

بەگوێرەى خشتەکە، ڕۆژى چوارشەممە مووچەی خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاباران دابەش دەکرێت.

هەروەها، ڕۆژى چوارشەممە مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خوێندنی باڵا و تەندروستی دابەش دەکرێت.
ڕۆژى پێنجشەممە مووچەی 29 وەزارەت و دەست و دەزگا دابەش دەکرێت.

ڕۆژى شەممە، مووچەی دیوان و لیواکان، فەرماندەیی دەڤەری یەک و دووی پێشمەرگە دابەش دەکرێت، لەگەڵ مووچەی پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش.

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق تەموویلی مووچەی هەرێمی کوردستانی کرد

ئەوەش دواى ئەوەدێت ئەمڕۆ، وەزارەتى دارایی عێراق، بڕى 841 ملیار و 161 ملیۆن دینارى وەک مووچەى مانگى حوزەیران بۆ هەرێمى کوردستان نارد و 120 ملیار دیناریشى لە بەرامبەر نەناردنى داهاتى نانەوتى بڕى.

هەروەها وەزارەتى دارایی عێراق، بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 ملیۆن دینارى دیکەى لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

مانگی ڕابردوو هەرێمی کوردستان 50 ملیار داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد نارد

مانگى ڕابردوو حکومەتى کاربەڕێکەر بەهۆى کەمبوونەوەى داهاتى نانەوتى بڕى 50 ملیار دینارى وەک داهاتى نانەوتى بۆ بەغداد نارد، لەبەرامبەریشدا بەغداد بڕى 70 ملیار دینارى لەبەرامبەر نەناردنى تەواوى 120 ملیارەکە بڕى، ئەوەش گرفتى بۆ مووچەى ئەو فەرمانبەرانە دروستکرد کە مووچەیان لەسەر داهاتى ناوخۆییە و لەلایەن بەغدادەوە بۆیان دابین ناکرێت.

نزیکەی 87 هەزار فەرمانبەر کە پێکهاتوون لە ماموستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و فەرمانبەری گرێبەست لە وەزارەت و فەرمانگە و سەرۆکایەتییەکان کە مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمە و مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 42 ملیار دینارە و حکومەتی فیدراڵ مووچەیان بۆ دابین ناکات.

جەبار حسین

7 کاتژمێر پێش ئێستا