خزمەتگوزارى گواستنەوە لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکى دیکە دەستیپێکرد
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستپێکردنى خزمەتگوزاریی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراکی لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکەى بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە ڕاگەیاند.
لە ڕێگەی بەرنامەی فۆڕمی خۆراکیی ئەلیکترۆنییەوە
وەزارەتى بازرگانیى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی گواستنەوە لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە لە بەغداد و پارێزگاکان لە ڕێگەی بەرنامەی فۆڕمی خۆراکیی ئەلیکترۆنی ڕاگەیاند.
پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی بەشەخۆراک
تاڵیب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون ڕوونیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی بەشەخۆراک و ئاسانکاریی ڕێکارەکان بۆ هاوڵاتییان بە بەکارهێنانی سیستمە ئەلیکترۆنییە نوێیەکان.
بڕیارەکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
هاوکات نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى بازرگانیى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بڕیارەکەى وەزارەتی بازرگانیی عێراق پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە و هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان دەتوانن لە ڕێگەى بەرنامەى فۆڕمى خۆراکیى ئەلیکترۆنى کارى گواستنەوەى بریکارەکانیان بکەن.
گوتیشى، گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە دەبێت کارتی زانیاریی هەمان شوێنی هەبێت.
نەوزاد شێخ کامیل ڕوونیکردەوە، گواستنەوە لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکەی ناوچەیەکی دیکە پێویستە کارتی زانیاری ئەو ناوچەیەی هەبێت کە دەیەوێت گواستنەوەی بۆ بکات.
7 کاتژمێر پێش ئێستا