کەناڵ8 ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکانى عەلى زەیدى لە واشنتن ئاشکرا دەکات
ڕاوێژکارێکى سەرۆکوەزیرانى عێراق ناوەڕۆکى سەردانەکەى عەلى زەیدى بۆ کەناڵ8 ئاشکرا دەکات و دەڵێت: زەیدى لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا کۆدەبێتەوە، ئامانجیەتى سەرنجى وەبەرهێنەران بۆ وڵاتەکەى ڕابکێشێت.
سبەی کۆبوونەوەکان دەستپێدەکات
عەبدوڵا عەلیاوایی ئاماژەى بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ سەرۆکى ئەمریکا ڕۆژى 14ى تەمموز بەڕێوەدەچێت و دواتریش زنجیرەیەک کۆبوونەوەى دیکەى دەبێت.
سەردانەکە ماوەی حەوت ڕۆژ دەخایەنێت
بە گوتەی ئەو ڕاوێژکارە، ماوەى سەردانەکەى عەلى زەیدى بۆ ئەمریکا بەچوون و هاتنەوە حەوت ڕۆژ دەخایەنێت.
گۆڕینی پەیوەندییە هاوبەشەکان لە ئەمنییەوە بۆ ئابووریی درێژخایەن
بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانى عێراق، گەیشتە واشنتن و، زەیدی دەڵێت، دەیەوێت لە سەردانەکەیدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن لە چوارچێوەی ئەمنییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی درێژخایەن بگۆڕێت.
ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان
حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیانەوە دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان بڕەخسێنێت و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لە کەرتە مەدەنییەکاندا پەرەپێبدات.
پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر سەردانەکەی، لە تۆڕى ئێکس نووسیویەتی، ڕژدن لەسەر بەرجەستەکردنی پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، بۆ هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنانی ڕاستەقینە.
زەیدی دەشڵێت، ئەو هاوبەشییە ئابووری و وەبەرهێنانە ڕاستەقینەیەی نێوان هەردوو وڵات، ئاسۆی هەماهەنگی لە بوارەکانی وزە، تەکنەلۆجیا، ژێرخان، ئابووریی ئەلیکترۆنی و هاوبەشیی پارەدارکردن فراوان دەکات.
بە ئامانجی ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بۆ عێراق
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، ئامانجیان ڕوونە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنەران، هاوبەشیکردنی شارەزایی، هەمەجۆرکردنی ئابووری، ڕەخساندنی هەلی کار بەوجۆرەی گەشەپێدان و پێگەی عێراق پتەوتر بکات، وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکرا و ڕەگەزێکی کارا لە سەقامگیریی ناوچەکە و گەشەسەندنی.
6 کاتژمێر پێش ئێستا