130 پاڵەوان خەڵاتکران

هەرێز جەمال 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دەلیل جەمال، بریکاری وەزارەت ئاریان سەلاحەدین و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، ڕێوڕەسمی خەڵات و ڕێزلێنان لە 130 وەرزشوان و پاڵەوانی وەرزشی لە هۆڵی پێشەوا لە دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، هەریەک لە خەلیل عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری گشتیی دیوان، سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش، سەلاح حەسەن خەسرۆ سەرۆکی لێژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان و دەیان کەسایەتیی وەرزشی و بەڕێوەبەرەکانی سەر بە وەزارەت ئامادەبوون.

لەو چوارچێوەیەدا، خەڵات و ڕێزڵێنان بەخشراییە (130) پاڵەوان لە سەر ئاستی کچان و کوڕان، کە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکانی عێراق و ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ئاسیایی و جیهانی کردبوو، توانیبوویان پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم بەدەستبهێنن و ئاڵای کوردستان بەرز ڕابگرن.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش، وێڕای وتەی بەخێرهاتن، ئاماژەی بەوەکرد، کابینەی نۆیەم بە بایەخەوە دەڕوانێتە کەرتی وەرزشی و هەمیشە پشتیوانی وەرزشوانان و لاوان بووە.

دواتر خەڵات و ڕێزلێنان لە لایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەت و کەسایەتییە حکومییەکانەوە پێشکەش بە پاڵەوانەکان کرا.

جێی ئاماژەیە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ساڵانە ڕێوڕەسمی تایبەت بە خەڵات و ڕێزلێنان لە پاڵەوانە وەرزشییەکان ساز دەکات و ئەمڕۆ سێیەم قۆناغی دابەشکردنی خەڵات و رێزڵێنان بوو، بە سەر پاڵەوانان، کە (483) وەرزشوانی کچ و کوڕ تێدا بەشدار بوون.

هەرێز جەمال

6 کاتژمێر پێش ئێستا