حکومەتی هەرێمی کوردستان: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن

ژوان نیزام 5 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران و سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی و برەودان بە دەستپاکی و سەروەری یاسا، بەردەوام دەبن لە درێژەدان بە هاریکاریی و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق. 

ڕاسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

نووسینگەی سەرۆکوەزیران بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ پێکەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپیچینەوە لە گەندەڵکاران کار بکەن.

گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بەرامبەر گەندەڵکاران

نوسینگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو هاریکارییەی لە نێوان هەردوولادا هەیە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی، توانراوە ڕێکاری پێویست بەرامبەر گەندەڵکاران بگیرێتەبەر و دەستگیر بکرێن و بڕێکی زۆری پارە و زێڕ و موڵک و سامان بگەڕێنرێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.

ڕوونیشیکردووەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 358 کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەردا گیراویان، ڕادەستی دەستەی دەستپاکی حکومەتی عێراق کرد.

ژوان نیزام

5 کاتژمێر پێش ئێستا