قەیرانى مووچە لە 2015 بۆ 2025

ئارا ئیبراهیم 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بە گوێرەى داتاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لە کابینەى هەشتەم و لە کتێبەکەى وەزارەتى دارایی لە کابینەى نۆیەم بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت بە گشتى لە کۆى 132 مووچە چەند مووچە بەسەر مووچەخۆراندا دابەشنەکراوە، هەروەها لە کابینەى نۆیەمدا لە ماوەى حەوت ساڵدا لەکۆى 84 مووچە 10 مووچە دابەشنەکراوەو 11 مووچەش بە لێبڕین دابەشکراوە، و 63 مووچەى تەواویش دابەشکراوە.

هەر مووچەخۆرێک 15 بۆ 50 ملیۆن دیناری لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە

حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری مووچە نەدراوەکانە و هەر مووچەخۆرێک 15 بۆ 50 ملیۆن دیناری لاى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، مووچەى ساڵانى 2015 بۆ کۆتایی 2025 دەکات.

مووچە نەدراوەکان کراوە بە قەرز بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئاوات شێخ جەناب، لە 23ـی حوزەیران لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی داتا و ئامارەکانی وەزارەتی دارایی جەختی لەوەکردەوە، مووچە نەدراوەکانیان کردووە بە قەرز بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، واتا پێشتر تەنیا وەک پابەندى دارایی لەیەکەى ژمێریارى وەزارەت باسکراوە، بەڵام ئاوات شێخ جەناب سەرجەم مووچە نەدراوەکانى کردووەتە قەرز بەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە.

لە 2016 کۆی مووچەی مانگەکان بە چارەکە مووچە دابەشکراوە

بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى دارایی و ئابوورى لە کابینەى هەشتەم، لە ساڵی 2015 حکومەت، چوار مووچەی دابەشنەکرد و هەشت مووچەى تەواوى دابەشکرد، لە 2016 کۆی مووچەی مانگەکان بە چارەکە مووچە دابەش کرا.

لە 2017دا 11 چارەکە مووچە دابەشکران و یەک مووچەی تەواو دابەشنەکرا و لە 2018 بەهەمانشێوە 11 چارەکە مووچە دابەشکران و مووچەیەک نەدراوە.

لە کابینەی نۆیەم 10 مووچەی تەواو نەدراون

لە کابینەی نۆیەمى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی کە لە کتێبەکەیدا ئاماژەى پێکراوە، 10 مووچەى تەواو نەدراون لەگەڵ 11 مووچە بە لێبڕینەوە دابەشکراون، بەشێوەیەک لە ساڵی 2019 مووچەی تەواو دابەشکراون و لە ساڵی 2020 چوار مووچە نەدران و چوار مووچەش بە لێبڕینی 21% و یەک مووچەش بە لێبڕینی 18% دابەشکرا، هاوکات تەنیا سێ مووچەی تەواو دابەشکرا.

مووچەکانی ساڵی 2021-2022

هەروەها لە ساڵی 2021 شەش مووچە بە لێبڕینی 21% دران و شەش مووچەى تەواویش دابەشکران و لە ساڵی 2022شدا مووچەی تەواوی 12 مانگەکە خەرج کراوە.

مووچە دابەشکراوەکانی 2023 بۆ 2025

لە ماوەی ساڵانی 2023 بۆ 2025 وەزارەتی دارایی لە بارەی پشکی هەرێم و شایستە داراییەکانەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، بەغداد شەش مووچە قەرزارە، کە لە ساڵی 2023 نۆ مووچە دابەشکران و سێ مووچە دابەش نەکرا، هەروەها لە ساڵی 2024یش 11 مووچە دابەشکراوە و یەک مووچە دابەش نەکرا، لە ساڵی 2025یش 10 مووچە دران و دوو مووچە نەدران.

حکومەت لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا، لە 2015 تاوەکو کۆتایی 2025 کە 132 مانگ دەکات، 72 مووچەی تەواوی دابەشکردووە و 45 مووچەی بە لێبڕین و چارەکە مووچە داوە و 15 مووچەی تەواویشی نەداوە

ئارا ئیبراهیم

4 کاتژمێر پێش ئێستا