ڕەهەندە سەربازییەکانی سەردانی زەیدی بۆ ئەمریکا
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی دەبن لە واشنتن.
کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرەتای قۆناغێکی نوێ
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێش سەردانەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی، لە سەردانەکەماندا ڕژدین لەسەر بەرجەستەکردنی پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، بۆ هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنانی ڕاستەقینە، دەشڵێت، کۆتاییهاتنى ئەرکى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى لە 30ـى ئەیلوولى داهاتوو، سەرەتاى قۆناغێکى نوێیە لە هاوبەشى لەگەڵ واشنتن.
بەرەو پێشەوە چوونی پرسی کۆکردنەوەی چەکی گروپە چەکدارەکان
دوێنێش عەلی زەیدی لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردبووەوە نووسیبووی، حکومەتەکەى لە پرسى کۆکردنەوەى چەکى ژمارەیەکى زۆر لە گرووپە چەکدارەکان لە دەستى دەوڵەت بەرەو پێشەوە چووە و کاریان کردووە بۆ بەهێزکردنى سەروەریی یاسا و کارى لە پێشینەیان بونیادنانى دەوڵەتێکە هەموو عێراقییەکان شانازى پێوەبکەن، ئەو گوتانەی عەلی وەزیدی وەک دڵنیایی دانێکە بە ئەمریکا بۆ ئەوەی پابەند بێت بە کشانەوەی لە عێراق.
سێ گرووپی چەکداری عێراق ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن
ئێستا کە سێ گرووپی چەکداری عێراق ڕەتیان کردووەتەوە چەک دابنێن و دەڵێن تاوەکو هێزی بیانی لە عێراق بێت پابەند نابن بە بڕیاری کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، چاوەکان لەسەر ئەوەن کە دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق بەتایبەت هێزەکانی ئەمریکا، هەموو گرووپەکان پابەندبن بە چەکدانان.
ئەگەری درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق
نزار حەیدەر، سەرۆکی ناوەندی ڕاگەیاندنی عێراقی لە واشنتن، زانیارییەکی جیاوازی بۆ کەناڵ 8 ئاشکرا کردووە و دەڵێت، نەک هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە، بەڵکو لە سەردانەکەی زەیدیدا بۆ ئەمریکا وادەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق درێژ دەکرێتەوە و ژمارەی سەربازەکانیش زیاد دەکرێت.
چاوەڕواندەکرێت عێراق داوای زیادکردنی ڕاوێژکارە پسپۆڕەکان بکات
نزار حەیدەر، سەرۆکی ناوەندی ڕاگەیاندنی عێراقی لە واشنتن لەو بارەیەوە گوتی " بەگوێرەى زانیارییەکانم، بەڕێز زەیدی ئەم دۆسیەیە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ تاوتوێ دەکات، ڕەنگە بڕیاری نوێ بدرێت کە پەیوەندیی نەبێت بەو لێکگەیشتنانەی دوو ساڵ یان زیاترە کراون، ئەمە زانیاری تایبەتە، ڕەنگە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا درێژبکرێنەوە، یان عێراق داوا لە ئەمریکا بکات ژمارەی ڕاوێژکارەکانی کە بە ڕاوێژکاری پسپۆڕی بواری زانیاریی، هەواڵگری، پاراستنی ئاسمانی عێراقن، زیاد بکرێن".
نیگەرانی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان لە سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا
بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش نیگەرانن لە سەردانی زەیدی بۆ ئەمریکا، بەرەی مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق دژایەتیی خۆى بۆ سەردانەکەى عەلى زەیدى بۆ ئەمریکا ڕاگەیاند و داوا دەکات، هەر ڕێککەوتن و گرێبەستێک دەکرێت، بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنى نوێنەران بۆ پەسەندکردن.
مقاوەمەى ئیسلامى ئاماژەى بەوەشکردووە، بەردەوامیى بوونى هێزەکانى ئەمریکا لەسەر خاکى عێراق داگیرکارییە و پێویستە کارى لە پێشینەى حکومەت کارکردن بێت بە هەموو ڕێگایەک بۆ کۆتاییپێهێنانى بەگوێرەى خشتەیەکى کاتى ڕاگەیێنراو.
سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا دەکرێت لەڕووی ئابوورییەوە بەرهەمدار بێت بۆ عێراق، بەڵام لەڕووی سەربازییەوە بۆمبێکی تەوقیت کراوە، ئەگەر لە سەردانەکەدا بڕیار لە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بدرێت، ئەوا گرووپە چەکدارەکان دەست دەکەنەوە بە هێرشەکانیان و دۆخی عێراق ئاڵۆز دەکەن، ئەگەریش هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، ئەوا ڕەنگە ببێتە هۆی بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.
4 کاتژمێر پێش ئێستا