وەزارەتی کشتوکاڵ :نابێت ڕێژەى کرێکارى خۆماڵى لە پڕۆژەکان لە %75 کەمتر بێت
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، تاتوێی جێبەجێکردنی بڕیاری 172ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد کە جەختدەکاتەوە نابێت، ڕێژەى کرێکارى خۆماڵى لە پڕۆژەکان لە %75 کەمتر بێت.
کۆبوونەوەیەکی باڵا لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاویکردەوە، دیوانی وەزارەتەکەیان بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی لایەنەکانی نوێنەرانی وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و پیشەسازی فەرمانگەی هەماهەنگی بەدواداچوون کۆبووەوە.
ئامانجی کۆبوونەوەکە دەستبەسەرکردنی مافی کرێکارانە
دەشڵێت، ئامانجی کۆبوونەوەکە تیشک خستنەسەر جێبەجێکردنی یاسای کار لە بڕیاری ژمارە 172ی ئەنجومەنی وەزیران بوو، بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران و سەرپەرشتیاری پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هێزی کاری ناوخۆیی.
دروستکردنی داتابەیسێکی تایبەت بە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان
بە گوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیان لەسەر هەنگاوە تەکنەلۆجییەکان بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵی و دروستکردنی ژمارەی دیجیتاڵی (UEN) بۆ کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان و ناوی بازرگانی (UPN) بۆ پڕۆژەکان کرد، بڕیاری دروستکردنی داتابەیسێکی تایبەت بە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بۆ سەرژمێریکردنی سەرجەم کرێکارە ناوخۆییەکان و گرەنتی ڕێکارەکانی دەستەبەرکردنی مافەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کارکردن ڕەخساندنی دەرفەتی کار لەم کەرتەدا درا.
بڕیارى ژمارە (172)ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ گرنگیدان بە تواناکانى گەنجانى خۆمان و ڕەخساندنى هەلى کارى زیاتر بۆ کرێکارى ناوخۆ دراوە کە بەگوێرەی بڕیارەکە، "نابێت لە پرۆژەیەکدا ڕێژەى کرێکارى خۆماڵى لە %75 کەمتر بێت".
3 کاتژمێر پێش ئێستا