چارەنووسى 137 کۆچبەرى کورد لە لیبیا لە مەترسیدایە
پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا بە کەناڵ8ـى ڕایگەیاند، چارەنووسى 137 کۆچبەرى کورد لە لیبیا لە مەترسیدایە و ژمارەیەک قاچاغچى یارى بەچارەنووسیان دەکەن.
زۆربەی کۆچبەرەکان خەڵکی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینن
ئاماژەى بەوەشکرد، کۆچبەرەکان زۆربەیان خەڵکى سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕینن و بەنیازن لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا.
دەریای ناوەڕاست یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی کۆچ
ئەم ڕێگەیە بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگەکان دادەنرێت و بەپێی خەمڵاندنەکان، ڕۆژانە نزیكەی 50 کۆچبەر لەو ڕێگەیەدا دەبنە قوربانی.
شەش کۆچبەر بێسەروشوێنن
لە بارەى چارەنووسى ئەو شەش کۆچبەرە کوردەى ئیدارەى ڕاپەڕین کە لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، چارەنووسیان نادیارە، پێشڕەو عەبدوڵا گوتى، گومان دەکرێت لە کاتی پەڕینەوەیان لە دەریای ناوەڕاستدا دیارنەمابن.
ئاماری قوربانیانی کۆچ لە دەریای ناوەڕاست
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تاوەکو ئێستا، 1370 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا، لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
3 کاتژمێر پێش ئێستا