%9بەرزبوونەوە لە یەک ڕۆژدا؛ جەنگی واشنتن و تاران نرخی نەوتی هەڵکشاند
پاش بڕیاری واشنتن بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر تاراندا، بازاڕەکانی وزە شڵەژان و نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا بە ڕێژەی 9% بەرزبووەوە.
هەڵکشانی نرخەکان لە بازاڕی جیهانی
دوای بڕیارەکەی ئەمریکا، نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 83.03 دۆلار و بەوەش ڕێژەی 9.24% چوویتە سەر. هاوکات نەوتی تەکساسیش بە 77.76 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بە ڕێژەی 9.3% بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
گرژیی سەربازی لە گەرووی هوورمز
بەرزبوونەوەی نرخەکان هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان، کە تێیدا ئەمریکا چەند جارێک هێرشی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە گەرووی هوورمز و بەندەر عەباس. لە بەرانبەردا ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و پێگەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج.
پێشبینییەکانی ئیمارات بۆ بازاڕی نەوت
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ADNOC) ڕایگەیاندووە، نرخی فرۆشتنی فەرمیی نەوتی خاوی ئیمارات بۆ مانگی ئاب بە نزیکەی 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دادەنێت. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک دەبینرێت بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا نرخی نەوتی خاو زیاتر بەرز دەبێتەوە.
شکستهێنانی ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران
سەرەڕای ئەوەی مانگی ڕابردوو ئەمریکا و ئێران یاداشتێکی لێکگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کردبوو، بەڵام هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن. لە نوێترین هەڵوێستیشدا، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی تووند و کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هوورمزی کرد، کە ئەمەش ترسی زیاتری لە بازاڕەکانی وزەدا دروست کردووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا