عەلی حەمە ساڵح: تەنیا ڕاگەیاندنی فەرمیی دابەشکردنی هەرێم لە نێوان یەکێتی و پارتیدا ماوە
سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕەخنەی لە پارتی و یەکێتی دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، دوای 35 ساڵ لە حکومڕانی، ئەم دوو حیزبە هەموو جومگەکانی هەرێمی کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە.
دابەشکردنی زۆنەکان و پرسی گومرگ
عەلی حەمەساڵح ئاماژە بەوە دەکات، یەکێتی و پارتی لەنێوان خۆیاندا سنووریان داناوە. وەک نموونەیەکیش باس لەوە دەکات کە دەرمانێک ئەگەر لە هەولێر گومرگ کرابێت، بەبێ پارە ناهێڵن بێتە سلێمانی و بە پێچەوانەشەوە هەمان سیستم پەیڕەو دەکرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی سنووری ناوخۆیی.
پەکخستنی دادگا و دۆسیە سیاسییەکان
سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆسیە گرنگەکان ڕەوانەی دادگا ناکرێن و بە بیانووی ئەوەی "بابەتی سیاسیین" پەردەپۆش دەکرێن. بە گوتەی ئەو، لە هەرێمی کوردستاندا سەروەریی یاسا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ململانێی حیزبەکانەوە.
دابەشبوونی هێز و سەرچاوەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی حەمەساڵح جەختی کردەوە، جگە لە سنوورەکان، لەنێوان پارتی و یەکێتیدا زەوی، مەرزەکان و تەنانەت هێزی سەربازییش دابەش کراون. پێیوایە لە ئێستادا تەنیا بڕیارێکی فەرمی ماوە بۆ ئەوەی دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی ڕابگەیەنرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا