لە 24 کاتژمێردا نرخى نەوت 11% بەرزبووەوە
لە کەمتر لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا 11% بەرزبووەتەوە، ئەوەش پاش ئەوەی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هوورمز بەسەر ئێراندا سەپاند، هاوکات بۆ تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک 20%ـی باجی دیاریکردووە.
ئامارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی برێنت و تەکساس
ڕۆژی دووشەممە 13ـی تەممووز لە کاتژمێر 5:00ی ئێوارە تاوەکو کاتژمێر 11:00ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوتی برێنت بە 83 دۆلار و نەوتی تەکساس بە 77 دۆلار مامەڵەی پێوە کراوە و بەرزبوونەوەی 9.24%ـی تۆمار کردووە.
هەڵکشانی نرخەکان لە مامەڵەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا
ئەمڕۆ جارێکی دیکە نرخی نەوت بە نزیکەی 2% بەرزبووەوە، بە شێوەیەک یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 84 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و نەوتی تەکساس بە 79 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. واتە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا بەهۆی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە گەرووی هوورمز، نرخی نەوتی خاو 11% بەرزبووەتەوە.
پەرەسەندنی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە، ئەمریکا چەند جارێک هێرشی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە گەرووی هوورمز و بەندەر عەباس، هاوکات ئێرانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و پێگەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج.
تێکچوونی لێکگەیشتنە سیاسییەکانی نێوان تاران و واشنتن
ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی ڕابردوو، ئەمریکا و ئێران یاداشتێکی لێکگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان واژۆ کرد، بەڵام لەو کاتەوە بەردەوام یەکدی بە پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا