بە هامەر و باجەرەوە چوونە سەریان؛ وردەکاریی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی کەرکووک

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەرکووک بە هامەر و باجەرەوە ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی چڕ بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی دۆسیەی گەندەڵی ئەنجامدرا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەرکووک بە هامەر و باجەرەوە ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی چڕ بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی دۆسیەی گەندەڵی ئەنجامدرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەرکووک شایەتی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی چڕ بوو بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی دۆسیەی گەندەڵی، بەڵام تۆمەتبارەکە پێش گەیشتنی هێزەکان شوێنەکەی جێهێشتبوو.

ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان لە گەڕەکی ڕاپەڕین

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ 8، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی تایبەتی پۆلیسی کەرکووک (SWAT) بە هاوکاری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی، بە ئۆتۆمبێلی سەربازی لە جۆری باجەر و هامەر چوونەتە گەڕەکی ڕاپەڕین. هێزەکان گەمارۆی دوو ماڵیان داوە کە گومانیان لێ دەکرا تۆمەتبارەکەی تێدا بێت.

تۆمەتبارێکی کەرتی نەوت و شکستی دەستگیرکردنەکە

تۆمەتباری داواکراو کەسێکە لە کەرتی نەوتدا کار دەکات و پۆستی فەرمیی حکومی نییە. سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندووە، پشکنینەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بووە بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانەکەی، بەڵام کەسی داواکراو پێشوەختە ڕایکردووە و هیچ بڕە پارەیەک یان سامانێک لە ماڵەکەدا نەدۆزراوەتەوە. ئێستا فەرمانی دەستگیرکردنەکەی وەک خۆی ماوەتەوە و گەڕان بەدوایدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوامە.

هەڵمەتی فراوانی دژە گەندەڵی لە عێراق

ئەم هەنگاوە دوای دەستگیرکردنی (عەدنان جومەیلی) بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دێت، کە بووە سەرەتایەک بۆ دەستگیرکردنی دەیان پەرلەمانتار، سەرۆک حزب، فەرمانبەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بە تۆمەتی گەندەڵی. تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، دەست بەسەر ملیارەها دینار، نزیکەی 400 کیلۆگرام زێڕ، زیاتر لە 100 موڵک و دەیان ئۆتۆمبێلی گرانبەهادا گیراوە و بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕێندراونەتەوە.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا